نزیکەی 16 هەزار هاوڵاتی عێراقی لە کەمپی هۆڵەوە گەڕێنراونەتەوە

عیراق

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 83 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

وەزارەتی کۆچ و ئاوارەی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا نزیکەی 16 هەزار هاوڵاتی عێراقی لە کەمپی هۆڵەوە گەڕێنراونەتەوە وڵاتەکەیان، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانی حکومەتدایە.

وەزارەتەکە ڕاگەیاند، "پرۆسەی گەڕاندنەوەی عێراقییەکان لە کەمپی هۆڵ هێشتا بەردەوامە، تا ئێستا نزیکەی 16 هەزار کەس بە 28 کاروان گواستراونەتەوە".

 ئاماژەی بەوەشکرد، "نزیکەی 15 هەزار عێراقی لە کەمپەکەدا ماون و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە کاروانێکی نوێ بگەڕێندرێنەوە".

وەزارەتەکە ڕێککەوتنێکی ئاشکرا کرد کە لە نێوان حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پرسی عێراقییەکان لە کەمپی هۆڵ ئەنجامدراوە. لەم ڕێککەوتنەدا "پێویستی گێڕانەوەی سەرجەم خێزانە عێراقییەکان بۆ وڵاتەکە پێش کۆتایی ساڵی 2027 دیاریکراوە، هەروەها هیچ خێزانێک لە دوای ئەو بەروارە لە کەمپەکەدا نامێنێتەوە".

کەمپی هۆڵ دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە و لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بەڕێوەدەبرێت. ژنان و منداڵانی بنەماڵەی چەکدارانی داعشی تێدایە.

گەڕاوەکانی کەمپی هۆڵ دەگوازرێنەوە بۆ کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا. ئەم کەمپە لە ساڵی ٢٠٢١ بە تایبەتی بۆ پێشوازیکردن لە بنەماڵەی چەکدارانی داعش دامەزراوە. ئەم کەسانە سەرەتا لەناو کەمپەکەدا چاکسازی کۆمەڵایەتییان بۆ دەکرێت، پێش ئەوەی وردە وردە بگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
ئ.ه