ئایا مەترسییەکی گەورە ڕوو لەناوچەکە دەکات؟.. ڕوسیا بەشی زۆری ستافی دیبلۆماسیی و خێزانەکانیان لەئیسرائیل دەگوازێتەوە

جیهان

16 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 610 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی ڕاپۆرتێکی تایبەتی کەناڵی 14ی ئیسرائیلی، حکومەتی ڕوسیا پرۆسەیەکی بەرفراوان و کتوپڕی بۆ چۆڵکردنی بەشێکی زۆر لەستافی دیپلۆماسی و خێزانەکانیان لە ئیسرائیل دەستپێکردووە و ئەم هەنگاوەش لە ڕێگەی تەرخانکردنی سێ گەشتی ئاسمانیی تایبەت لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەل ئەبیبەوە ئەنجامدراوە.

 
کەناڵەکە باسی لەوەکردووە کە داتاکانی ماڵپەڕی فلایت ڕادار ئاماژە بەوە دەکەن کە سێ فڕۆکەی جۆری تۆپۆلێڤی سەر بە "سەربازگەی فڕینی تایبەتی ڕووسی" بە کۆدی 14FC04 لە نێوان ڕێکەوتی 6 و 7ی ئەم مانگەدا گەشتەکانیان بەرەو مۆسکۆ ئەنجامداوە.

ئەم جوڵە خێرایەی مۆسکۆ کە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بووە، گومانێکی زۆری لای ناوەندە سیاسی و ئەمنییەکان دروستکردووە و وەک ئاماژەیەک بۆ هەبوونی زانیاریی هەواڵگریی هەستیار لە لایەن ڕووسیاوە دەبینرێت سەبارەت بە ئەگەری داڕمانی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.

هەرچەندە باڵیۆزخانەی ڕووسیا بە شێوەیەکی سنووردار بەردەوامە لە کارەکانی، بەڵام گواستنەوەی خێزانی دیپلۆماتکارەکان نیشانەیەکە بۆ نزیکبوونەوەی مەترسییەکی گەورە.

ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و هەڕەشە سەربازییەکانی واشنتۆن بۆ سەر تاران، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان دەربارەی زیادبوونی جوڵەی هێزە ئەمریکییەکان لە بنکە سەربازییەکانی دەوروبەری ئێراندا.

شارەزایان پێیان وایە ڕووسیا بەو کارە دەیەوێت کارمەندانی خۆی لە ئەگەری سەرهەڵدانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی گشتگیر لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا بپارێزێت، چونکە چۆڵکردنی دیپلۆماتکاران تەنها لە کاتی هەبوونی هەڕەشەی جدی و گەورەدا پەنای بۆ دەبرێت.

 ئێستا چاوی چاودێرانی ئەمنیی لەسەر وڵاتانی تری زلهێزە تا بزانن ئایا ئەوانیش هەمان ڕێکار دەگرنە بەر یان نا.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی