لەنێوان پێداگریی مالیکی‌و ڤیتۆی ترەمپدا؛ عێراق ڕوبەڕوی سێ سیناریۆی یەکلاکەرەوە دەبێتەوە

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4510 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای تێپەڕینى زیاتر لەمانگێک بەسەر یەکەم دانیشتنی پەرلەمانى عێراقدا، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کەوتوەتە ناو تونێلێکی تاریکه‌وه‌، کێشەی سەرەکی لەدەوری پێداگریی "دەوڵەتی یاسا" لەسەر کاندیدکردنی نوری مالیکی دەسوڕێتەوە کە ڕوبەڕوی ناڕەزایەتییەکی توندی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی بوەتەوە، سه‌رچاوه‌كانیش ده‌ڵێن، لەنێوان پێداگریی مالیکی‌و ڤیتۆی ترەمپدا؛ عێراق ڕوبەڕوی سێ سیناریۆی یەکلاکەرەوە دەبێتەوە.


وه‌كو سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان ئاماژه‌ى پێده‌كه‌ن، گرنگترین خاڵ لەم قەیرانەدا هەڵوێستی ڕاشکاوی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە، چونكه‌ لەڕێگەی پەیامێکی فەرمییەوە هەڕەشەی بڕینی هەموو جۆرە هاوکارییەکی (سەربازیی‌و ئابوریی) کردوە ئەگەربێت‌و نورى مالیکی بگەڕێتەوە دەسەڵات.

ئەمەش چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعه‌كان)ى خستوەتە بەردەم دوو بژاردەی سەخت، ئه‌ویش ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی دەوڵەت یان پابەندبون بەهاوپەیمانییەتییە حزبییەکان.

هه‌روه‌ك باس له‌وه‌شده‌كرێت، سەرەڕای ئەوەی نورى مالیکی کاندیدی فەرمییە، بەڵام چەند ناوێکی دیكه‌ لەناو ماڵی شیعەدا تاووتوێدەکرێن، یه‌كێك له‌وانه‌ش، حەمید شەتری (سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراقه‌)، ده‌وترێت، بەهێزترین چانسی هەیەو وەک کەسایەتییەکی تەوافوقی دەبینرێت کە جێگەی ڕەزامەندی زۆربەی لایەنەکان‌و وڵاتانی ناوچەکەو ئەمریکایە.

جگه‌ له‌شه‌ترى، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئێستا کە وەک بژاردەیەک بۆ بەردەوامبون دەبینرێت، له‌گه‌ڵ حەیدەر عەبادی، هه‌رچه‌نده‌ عه‌بادى چانسی کەمترە، بەڵام وەک ناوێکی مامناوەند هەمیشە لەسەر مێزەکە ئامادەیە.

چاودێران سێ سیناریۆ ئاماژه‌ پێده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌رى دۆخى ئێستاى عێراق، یه‌كه‌میان کشانەوەی مالیکیه‌، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێن، "هەوڵەکان بۆ قایلکردنی نوری مالیکی بەکشانەوە بەردەوامن، بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ کاندیدێکی وەک حەمید شەتری خۆشبکرێت، کێشەی ئەم سیناریۆیە ئەوەیە کە مالیکی تائێستا سورە لەسەر مانەوەو دەوڵەتی یاساش ڕایگەیاندوە کە هەواڵی کشانەوەی مالیكى دورە لەڕاستیه‌وه‌".

وه‌كو ئاماژه‌ى پێكراوه‌، سیناریۆی دوەمیش یەکلاکردنەوەى كاندیده‌كانه‌ لەناو پەرلەمانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش باس له‌وه‌ده‌كرێت، "ئەگەر مالیکی نەکشێتەوە، بژاردەکە ئەوەیە بچنە ناو پەرلەمان، بەڵام ئەمە مەترسیدارە چونکە لایەنە سوننەکان (وەک حزبی تەقەدوم)و لایەنە شیعەکانی دیكه‌ (وەک ڕەوتی حیکمە) دژی مالیکین، ئەمەش وادەکات نەتوانێت دەنگی پێویست (165 دەنگ) کۆبکاتەوە".

هه‌رچى سیناریۆی سێیەمیشه‌ وه‌كو چاودێران ئاماژه‌یان بۆكردوه‌،  درێژکردنەوەى ماوه‌ى حوكمڕانییه‌ بۆ سودانی، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌، "ئەگەر لایەنەکان نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا حکومەتەکەی سودانی وەک کاربەڕێکەر بۆ ماوەی ساڵێک یان دوساڵ دەمێنێتەوەو دەسەڵاتی فراوانتری پێدەدرێت تاوەکو دۆخەکە هێوردەبێتەوە".

له‌باره‌ى سێیەکی پەکخەر-یش له‌په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌، سه‌رچاوه‌كان ڕایده‌گه‌یه‌نن، "هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێویستی بەئامادەبونی 220 پەرلەمانتار هەیە (دوو لەسەر سێ)، نەیارانی مالیکی دەتوانن لەڕێگەی "سێیەکی پەکخەر" 109 پەرلەمانتار ڕێگریی لەبەڕێوەچونی دانیشتنەکە بکەن، ئەمەش وایکردوە، عێراق وادە دەستورییەکان تێپەڕێنێت".

هه‌روه‌ك پێیانوایه‌، داهاتوی سیاسیی عێراق لەم خولەدا بەندە بە"سازشی نێوان پێکهاتەکان"، ئەگەر مالیکی سوربێت لەسەر کاندیدکردنی، ئەوا ئەگەری هەیە عێراق ڕوبەڕوی سزای نێودەوڵەتی یان پەککەوتنی تەواوەتی دامەزراوەکان ببێتەوە، چاوەکانیش لەسەر کاتژمێرەکانی داهاتون کە ئایا "چوارچێوەی هەماهەنگی" دەتوانێت مالیکی قایلبکات بەکشانەوە لەپێناو کاندیدێکی وەک شەتری یان نا.

بەپەلە