شارپرێس:
لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئەمڕۆ دانیشتنێکی فەرمی و کراوەی بەڕێوەبرد بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی سوریا و سیاسەتی ئەمریکا لە سەردەمی دوای بەشار ئەسەد.
لە میانی دانیشتنەکەدا، نادین ماینزا، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی، هۆشداریدا لە مەترسییەکانی جینۆسایدی نوێ لە سوریا لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا ئەگەر دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا لە بنەڕەتدا سیاسەتەکانیان نەگۆڕن.
لای خۆیەوە ئەندرۆ تابلەر، توێژەر لە ئینستیتیوتی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، ئاماژەی بەوەدا کە مۆدێلی حوکمڕانی لە دیمەشق بە شێوەیەکی زۆر مەرکەزی ماوەتەوە و بە شێوەیەک مامەڵە دەکات کە ڕەنگدانەوەی ڕێکخستنێکی ڕاستەقینەی دابەشکردنی دەسەڵات نییە لەگەڵ پێکهاتەکان.
تابلەر ڕونیشیکردەوە، سەرەڕای ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق، دوورخستنەوەی کاراکتەرە کوردییەکان لە پڕۆسەی گفتوگۆی نیشتمانی، شەرعیەتی ڕژێمی نوێ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا تێکدەدات.
ناوبراو هۆشداریشیدا بە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران کە پرۆسەی یەکخستنی هێزە ئەمنییەکان زیاتر لە "هەڵکردنی ئاڵا" دەچێت نەک چاکسازییەکی دامەزراوەیی ڕاستەقینە.
هێمای بۆ ئەوەش کرد کە زۆرێک لە میلیشیاکان لە نێویاندا گروپەکانی سەر بە تورکیا، هێشتا سەربەخۆی خۆیان دەپارێزن و ناوچە زۆرینە کوردییەکان لە دۆخێکی ناڕوونی و ئاژاوەدا بەجێدەهێڵن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە لە ئامادەیی واشنتۆندایە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان، ئەگەر پێویست بکات، بۆ پاراستنی هێزی هەسەدە و هاوڵاتیانی مەدەنی کورد لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
لای خۆیەوە جەیمس جێفری باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سوریا دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا "ئەرکی ئەخلاقی" لەسەرە بۆ دڵنیابوون لەوەی هاوپەیمانە کوردەکانی لەلایەن حکومەتی نوێی سوریاوە مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا نەکرێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە لەگەڵ پێشکەوتنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی یەکگرتنی هەسەدە کە لە ٣٠ی کانونی دووەم واژۆ کراوە، واشنتۆن دەبێت وەک زامنکاری ڕاستەقینەی مافەکانی کورد بمێنێتەوە.
لای خۆیەوە کۆنگرێسمان گریگۆری میکس، ئەندامی باڵای لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، هۆشداریدا لە هەڵکشانی مەترسیدار لە توندوتیژی دژی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە سوریا، لەوانەش هێرشکردنە سەر پەرستگاکان، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە هەڕەشە لە هەر هیوایەک دەکات بۆ بنیاتنانی سوریایەکی یەکگرتوو دوای ئەسەد.
میکس جەختی لەوە کردەوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک هاوبەشێکی سەرەکی ئەمریکا لە شەڕی دژی تیرۆردا دەمێننەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە کوردەکان کە ئازایانە هاوپەیمانی واشنتۆنیان کرد بۆ شکستپێهێنانی داعش، ئێستا لەبەردەم شەپۆلێکی نوێی توندوتیژی و نادڵنیاییدایە.
میکس پێشوازی لە ڕێککەوتنی ٣٠ی کانونی دوەمی نێوان دیمەشق و هێزەکانی هەسەدە کرد، بەڵام جەختی لەسەر پێویستی بینینی پابەندبوونێکی کردەیی و بەرجەستە لە سەرکردایەتی سوریا بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان و پاراستنی کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکە کردەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا، برایان ماست، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، سوریا هێشتا دوورە لە جێبەجێکردنی چاوەڕوانییەکانی ئەمریکا، کردەوەکانی ئەم دواییەی دژ بە دروز و کورد و هاوپەیمانەکانی واشنتۆنی بە هەنگاوێک بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەزانێت.
ماست ڕونیکردەوە کە هەر سووککردنێک یان هەڵگرتنی سزاکانی یاسای قەیسەر بە ڕوونی پەیوەستە بە پاراستنی پێکهاتەکان و جێبەجێکردنی چاکسازییە سەربازییە ڕاستەقینەکان و هاوکاریکردن لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
دکتۆر مارا کارلین، مامۆستا لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز ڕایگەیاندووە، حکومەت لە دیمەشق بەدوای مۆدێلێکی "سوریای یەکگرتوو"دا دەگەڕێت کە زۆر مەرکەزییە، لەکاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) مۆدێلێکی لامەرکەزی حوکمڕانییان پێ باشترە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بۆ کورد تێکەڵبوونی ڕاستەقینە لەگەڵ دەوڵەتی سوریا پێویستی بە هەستێکی ڕاستەقینەی ئاسایش و ئایندەیەکی سیاسی و کولتووری ڕوون لەناو ئەو قەوارەیەدا هەیە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، داننان بە زمانی کوردی وەک زمانێکی نەتەوەیی نیشاندەرێکی گرنگە بۆ ئەو ڕێگایەی کە ڕەنگە سوریا لە داهاتوودا بیگرێتەبەر، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت هاندان بۆ هەردوولا دابین بکەن بۆ ڕێگریکردن لە شەپۆلی نوێی توندوتیژی، هۆشداریشیدا لەوەی کە ئاسایشی کورد نابێت بکرێتە قوربانی بۆ چارەسەری خێرا و ڕووکەش لە ژێر ئاڵای "یەکگرتوویی".
