شارپرێس:
لەوەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە لێکەوتەکانی ڕێکنەکەوتن لە
دانوستانەکانی جنێڤ، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران پەیامێکی توندی ئاڕاستەی سەرۆکی
ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند کە ئەو هەرگیز ناتوانێت کۆماری ئیسلامی لەناو ببات.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئێرانی" ئێران بەعەرەبی" خامنەیی لە لێدوانەکانیدا
جەختی لە هێزی سەربازیی وڵاتەکەی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا ئەو چەکەی دەتوانێت کەشتییە
فرۆکە هەڵگرەکان نوقمی بنی دەریا بکات، زۆر لە خودی کەشتییەکان گرنگتر و مەترسیدارترە.
ئەم گرژییە زارەکییە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لە
سویسرا، کە تێیدا ئێران بە هەڵوێستێکی نەگۆڕەوە بەشدارە و سوورە لەسەر ئەوەی
لەدانوستانەکدا تەنیا پرسی ئەتۆمی تاوتوێ بکرێت.
تاران بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە گفتوگۆ لەسەر پرسی پیتاندنی سفر یان گواستنەوەی
یۆرانیۆم ناکات، ئەمەش نیشانەی پێداگرییانە لەسەر هێڵە سوورەکانیان لە بەرامبەر
گوشارەکانی واشنتۆن کە لە ڕێگەی نێوەندگیریی عومانەوە دەگاتە دەستیان.