شارپرێس:
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاشكرایكرد، ئیدارەی ترەمپ زۆر لەهەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدژی ئێران نزیک بوەتەوە.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردۆتەوە، كە هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئەمریکا لەدژی ئێران، هەڵمەتێکی بەرفراوان و چەند هەفتەیی دەبێت و جەنگێکی تەواو فراوان دەبێت، نەک وەک ئۆپەراسیۆنە سنوردارەکەی مانگی ڕابردوو لەڤەنزوێلا.
ئاماژە بەوەش کراوە، پێدەچێت هەڵمەتەکە هاوبەش بێت لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و مەودایەکی زۆر فراوانتری هەبێت و ببێتە مەترسی بۆ سەر مانەوەی ئێران. ئەم جەنگە کاریگەرییەکی دراماتیکی لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە لەجنێڤ گەڕی دوەمی دانوستاندەاكنی نێوان ئەمریكاو ئێران دەستیپێكردۆتەوەو دوای كۆبونەوەش لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە باس لەگەشبینی دەكرا بۆ نزیكبونەوە لەڕێككەوتن.
هەروەها جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە فۆکس نیووزی راگەیاندبوو، "ترەمپ هێڵی سووری داناوە کە ئێرانییەکان ئامادە نین دانی پێدا بنێن" و ئاماژەی بەوە کرد، ڕەنگە دیپلۆماسیەت گەیشتبێتە "کۆتاییە سروشتییەکەی".
ئەکسیۆس باسی لەوەش کردووە، هێزی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و کە ئەمانە لەخۆ دەگرێت، دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و دەیان کەشتی جەنگی، سەدان فڕۆکەی جەنگی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی، ئەنجامدانی زیاتر لە 150 گەشتی بارهەڵگری سەربازی بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی و تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا، 50 فڕۆکەی جەنگی دیکە (لە جۆرەکانی F-35, F-22 و F-16) بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتوون.
ئەو پێگە ئەمریکییە بڵاوشی کردووەتەوە، حکوومەتی ئیسرائیل فشار بۆ دانانی سیناریۆیەکی توند دەکات کە ئامانج لێی رووخانی ئێرانە و لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمییەکەیەتی، بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن ئامادەکاری بۆ جەنگ دەکەن لە ماوەی چەند رۆژێکدا.
هەروەها ئەکسیۆس لە زاری راوێژکارێکی ترەمپ ڕایگەیاندووە: سەرۆکی ئەمریکا بێزار بووە، بە ئەگەری 90% لە چەند هەفتەی داهاتوودا کردەی سەربازی دەبینین.
باسی لەوەش کردووە، بەرپرسانی ئەمەریکا دوای گفتوگۆکانی رۆژی سێشەممە رایانگەیاندووە کە ئێران پێویستە لە ماوەی "دوو هەفتەدا" بە پێشنیازێکی وردەوە بگەڕێتەوە، ئەگەرنا ئەگەری هێرشکردن زۆر نزیکە و هیچ ئاسۆیەک بۆ رێککەوتنی دیپلۆماسی بەدی ناکرێت.
