ئێران دەستی بەجوڵە كرد...قەڵغانی كۆنكرێتی دروستكرد

جیهان

18/02/2026‌ 1654 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ئەو وێنانەی لەڕێگەی مانگە دەستكردەكانەوە بڵاوكراونەتەوە، ئێران بەچڕی دەستی کردوە بەقەڵغانکردنی بنکە ئەتۆمییەكانی لەڕێگەی دروستکردنی شورایەكی كۆنكرێتی و داپۆشینیان بەخۆڵ، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ پاراستنیان لەهەر هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردوەتەوە، بەگوێرەی شیكردنەوەی پسپۆڕان بۆ وێنە نوێیەکان، ئێران دەستی کردوە بەدروستکردنی قەڵغانێکی کۆنکرێتی لەسەر دامەزراوەیەکی نوێ لەپێگەیەکی سەربازیی هەستیارو بەخۆڵ دایپۆشیوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ پاراستنی شوێنەکە لەهێرشی ئاسمانی.

وێنەکان دەریدەخەن کە ئێران کارەکانی لەو شوێنانە چڕ کردوەتەوە کە پێشتر لە ساڵی 2024 لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان کرابون، هەروەها دەروازەی تونێلەکانی لەبنکەیەکی ئەتۆمی شاردوەتەوە کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن ئەمریکاوە کرابوە ئامانج.

هەر بەگوێرەی وێنەكان، لەکۆمەڵگەی پارچین 30 کم باشوری ڕۆژهەڵاتی تاران، کە یەکێکە لەهەستیارترین بنکە سەربازییەکان، گۆڕانکاری گەورە بەدی دەکرێت، پەیمانگای زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی (ISIS) ئاشکرایکردوە کە ئێران تابوتێکی کۆنکرێتیی لەدەوری دامەزراوەیەکی نوێ بەناوی تاڵەقان 2 دروست کردوە.

هاوكات، لەبنکەی ئەتۆمی ئەسفەهان، کە پێشتر بەشێک بوە لەئامانجەکانی ئەمەریکا، وێنەکان دەریدەخەن کە ئێران دەروازەی سێ تونێلی سەرەکی بەتەواوی پڕکردوەتەوە و بەخۆڵ شاردونیەتیەوە. 

هەروەها لەنزیک بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز، جموجۆڵی ئامێرە قورسەکان کۆنکرێت و بارهەڵگر دەبینرێت بۆ بەهێزکردنی دەروازەی تونێلەکانی ژێر شاخەکە.


بەپەلە