شارپرێس:
جیهان لهچاوەڕوانی هێوربونەوەی گرژییەکاندایه، لێدوانەکانی
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وەک هەورە تریشقەیەک بەسەر ناوچەکەدا کەوت، ئۆپەراسیۆنی
(توڕەیی مەزن) تەنها ناوێکی سەربازی نییە، بەڵکو گۆڕینی نەخشەی هێزە لەڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاستدا، ئاسمانو زەویو دەریای ئێران، ئێستا لەژێر ئاگری توندی هاوبەشی ئەمریکاو
ئیسرائیلدایە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەڕاشکاوی وتى، "ئامانجی ئەم
هێرشانە تەنها پەیامێکی سیاسی نییە، بەڵکو بڕینی دەمارە ستراتیژییەکانی ئێرانە،
ئامانجەکانیش بریتین لەتێکشکاندنی بنکە ئەتۆمییەکان بۆ هەمیشە، لەناوبردنی تەواوی
کارگەکانی دروستکردنی موشەکو درۆن، پەکخستنی کەشتیگەلی دەریایی ئێران بۆ ڕێگریی لەهەر
کاردانەوەیەک لەگەروی هورمز".
لەپاڵ ئەم هێرشە توندانەدا، واشنتۆن پۆست لهڕاپۆرتێكدا
لایەنێکی دیكهى شاراوە ئاشکرادەکات كه سوپای ئەمریکا لەگەڵ کاتدا لەململانێدایە؛
چەکە وردبڕەکان بەخێراییەکی چاوەڕواننەکراو کەمدەبنەوە، ئەمەش ئەمریکای خستوەتە بەردەم
دوو بژاردە، یان خێراکردنی پرۆسەی تێکشکاندنی ئێران پێش تەواوبونی چەکەکان، یان گۆڕینی
شێوازی هێرشەکان بۆ هێرشی فراوانترو بەکارهێنانی چەکی کەمتر ورد.
ناوچەکە ئێستا لەسەر لێواری گڕکانێکە، چاودێرانیش دهپرسن،
ئایا ئێران دەتوانێت لەژێر ئەم گوشارە سەربازییە توندەدا خۆی ڕابگرێت؟ یان توڕەیی
مەزن کۆتایی بەو قۆناغە دەهێنێت کە تێیدا تاران وەک یاریزانێکی سەرەکی ناوچەکە دەردەکەوت؟
ماركۆ ڕوبیۆ دەڵێت، "ئیتر ڕێگەنادەین تاران لەپشت
تواناکانییەوە خۆی بشارێتەوە، ئەمە جەنگی سڕینەوەی هەڕەشەکانە نەک تەنها پاشەکشەپێکردنیان،
جیهانیش ئێستا چاوەڕێی ساتە یەکلاکەرەوەکانە".
