شارپرێس:
ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ئاشكرایكرد، داهاتی هەناردەی نەوتی ڕۆژانەی عێراق لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە زیاتر لە 25 ملیۆن دۆلارە.
ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، داهاتی نەوتی عێراق لەرێگەی بۆریی نەوتی هەرێمەوە دوای لێدەرکردنی تێچوو کرێی گواستنەوە دەگاتە زیاد لە 25 ملیۆن دۆلار.
وتیشی، کرێی گواستنەوە بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبێت، بەشی یەکەم لەناوخۆی خاکی عێراقدا بۆ هەر بەرمیلێک دوو دۆلارەو دەدرێتە ئەو کۆمپانیایانەی خاوەندارێتی بۆرییەکان دەکەن، بەشی دوەمیش تایبەتە بەکرێی تورکیا کە نزیکەی 1.15 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک کە بەناو خاکەکەیدا تێدەپەڕێت تا دەگاتە بەندەری جەیهان.
ڕوانگەکە پێیوایە، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەم هێڵەوە کە تەنیا %6ـی کۆی هەناردەی وڵات پێکدەهێنێت، وەک چارەسەرێکی کاتی و نیمچەییە بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لەو زیانانەی بەر عێراق کەوتون لەپاش پەککەوتنی هەناردەی نەوتەکەی لەڕێگەی گەروی هورمزەوە.