سەنتەری میترۆ پەیامێك ئاڕاستەی چەند لایەنێكی هەرێم دەكات

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 192 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەنتەری میترۆ لەبارەی ڕوماڵكردنی هەوڵی هێرشەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان پەیامێك ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم دەكات و دەڵێت، پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەكان جیاوازی نەكەن لەنێوان هیچ دەزگایەك".


سەنتەری میترۆ لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، "شەوی ڕابردوو زۆربەی كەناڵەكانی بینراو لەهەرێمی كوردستان روماڵی هێرشە تیرۆریستییەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكرد، بە وریاییەوە مامەڵەیان دەكرد، پابەندبوون بە رینماییەكانی حكومەت لەم جۆرە روماڵە هەستیارانەدا".

ئاماژە بەوەکراوە، "سەنتەری میترۆ دەیان ڤیدۆی لەلایەن هاوڵاتییان پێگەیشتووە داوای راوبۆچوونمان دەكەن، هەروەها رۆژنامەنوسانیش دەپرسن، ئەم جۆرە روماڵە بۆچی بۆ كەناڵێكی مۆر هەبێت و بۆ كەناڵێكی سور و پرتەقاڵی و سەوز و شین و قاوەیی نەبێت، بۆچی پەیامنێرەكەیان لەهەولێر ناتوانێت هەمان جۆری ڕوماڵی پەیامنێرەكەی سلێمانی بكات، بۆ لەوێ رێز لە رێنماییەكان دەگرێت لەسلێمانی پێشێلی دەكات؟"

سەنتەری میترۆ ڕاشیگەیاند"لەم بارودۆخە پڕ مەترسی و پڕ لەتەحدایەدا، پێشینە بۆ ئەمنییەتی هاوڵاتییان و پاراستنی هەرێمی كوردستانە لەهەڕەشەی تیرۆریستان، بۆ ئەمەش داوای ئەوپەڕی دیسپلینی پیشەیی لە رۆژنامەنوسان  دەكەین".

سەنتەری میترۆ دەشڵێت، "نیگەرانین لەدوو فاقی راگەیاندن لەگەڵ شوێنی ڕوداوەكان، كە بێباكن لەبەرامبەر ئەمنییەتی شارێك و روماڵەكانیان ناپیشەیین و بەناوی خستنە رووی زانیاری، كە دەكرێت بەشێوەیەك بڵاوبكرێتەوە، نەبێتە مایەی پەشێوی نائارامی، كەچی بوون بە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی ترس و تۆقاندن".

سەنتەری میترۆ وێڕای تێبینییەكانی لەسەر رێنماییەكان، جەختدەكاتەوە، "پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەكان جیاوازی نەكەن لە نێوان هیچ دەزگایەك، رێنمایی وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان بۆ هەمووان وەك یەك لابێت و سڵ نەكەنەوە لەجێبەجێكردنی رێنماییەكان بەسەر هیچ كەناڵێك".