پەیامێكی پشتیوانی ئاڕاستەی هاوپەیمانی هێزەکانی ڕۆژهەڵات دەكرێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 769 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆڕی كوردەكانی دانیشتوی فەڕەنسا، پەیامی پشتگری ئاڕاستەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان  دەكەن و و دەڵێن،"

كۆڕی كوردەكانی دانیشتوی فەڕەنسا، لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایانگەیاند، هاوپەیمانیی هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی ئێران،پێکهێنانی بەرەی یەکگرتوی هێزەکانی ڕۆژهەڵات کە بە تێڕادیوی و هەست بەبەرپرسیارەتی و دڵسۆزی ئێوەی بەڕێز وەک نوێنەرانی بڕواپێکراوی گەلەکەمان لەئاست داهاتوی کوردستان هاتوەتە ئاراوە، وڵامێکی گونجاوە بۆ گەلی ڕۆژهەڵات بە تایبەت و  بۆ کورد بە گشتی.

دەشڵێن،" ئێمە وەك كۆڕی كوردەكانی دانیشتوی فەڕانسە، لەگەڵ هیوا و ئاواتمان  بە داهاتوی ڕونتر لەسێبەری ئەو یەکگرتنەدا، جوانترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەین و پشتیوانی و هاودەنگیی خۆمان لەسیاسەتی هاوبەشی ئەو هێزانە دەردەبڕین و دڵنیاین کە ئەو هەنگاوە بەنرخە، دەبێتە هەوێنی هیوا و ورەی پتری گەلەکەمان لەناوخۆ و لەدەرەوەی وڵات و وەک مەشغەڵی هاوسۆزی و پێکەوە بوونی هەموو لایەنەکانی مافخواز بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیی سەرکەوتوو دەبێت.

كۆڕی كوردەكانی دانیشتوی فەڕەنسا، خەبانی هێزە سیاسیەكانییان بەسێ جەمسەر نیشانداوە:...
١-  خەبات و تێکۆشانی بەردەوامی هێز و ڕێکخراوە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات کە پتر لە باشوور نیشتەجێن و سەرەڕای گوشاری هەمەلایەنەی نیزامی، ئابووری و ئەمنیەتی کە هەتا ئەمڕۆکە لە سەریان بووە، لێبڕاوانە پێداگر بوون لە خەبات بۆ ئازادی و مافخوازیی گەلەکەمان.
٢- ڕاپەڕینەکانی گەلی خۆڕاگرمان لە نێوخۆی وڵات کە بەتایبەت لە شۆڕشی ژینادا بە لووتکەی سەرکەوتن و سەربەرزی گەیشت.
داهاتووی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژهەڵات لە هەر شێوازێکدا، بە بێ هاوبیری و هاوکاریی كۆمەڵگای مەدەنی نێوخۆ سەرکەوتوو نابێت.
ئەوەیش پێویستی بە پلان و پڕۆژەی  لەپێش داڕێژراو هەیە کە بە دوور لە هەر چەشنە پاوانخوازییەكی حیزبی، ڕێکخراوەیی و ئیدیۆلۆژیک، داهاتوویێکی ئازاد و دێمۆکڕاتێک مسۆگەر بکات.
٣- لایەنی سێهەم هاووڵاتیانی کوردی دیاسپۆران کە هەموو كات  و بە تایبەت بە پەرەساندنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئەوپەڕی چالاکی و هەڵسووڕاوی و لەخۆبوردوویییان نیشان داوە.
ئەم لایەنانە کە بریتین لە کۆڕوکۆمەڵە مەدەنی، سیاسی، کومەڵایەتی، مافی مرۆڤ و کەسایەتیەکان، لێهاتوانە بۆ لە قاودانی جینایەتەكانی ڕژێمی  ئیسلامی ئێران و بۆ پشتگری لە هێزە سیاسییەکان و خەباتی مەدەنی نێوخۆ،  بێ وچان و ماندوونەناسانە تێکۆشاون.
لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكەشدا جەخت دەكەنەوە،  کەپێویستە گرینگیی تایبەت بەهاوبیری و هاودەنگیی سێ لایەنی نێوبراو بدرێت کە شێلگیرانە و بۆ یەک ئامانج لەگۆڕەپانی تێكۆشان و خەبات دا ئامادەن  : دێمۆکڕاسی، ئازادی و ڕزگاری  گەلەكەمان . 
بە لەبەرچاو گرتنی بەشێك لە ڕاگەیاندنی بەیانیەی ژمارە ١ی هاوپەیمانیی بۆ هاوكاری لەگەڵ كۆڕ و كۆمەڵە مەدەنییەكان، کۆڕی کوردەکانی دانیشتووی فەڕانسە، لە گەڵ دووپاتکردنەوەی پشتیوانی لە هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، ئامادەیی خۆی بۆ هەرچەشنە پشتگری و هاوکاریێک دەردەبڕێت کە لە خزمەت یەکگرتوویی، یەکسانیخوازیی کۆمەڵ و بەرژەوەندیی گەلەکەماندایە.