حكومەتی هەرێم چەند ڕێنمایی و هۆشدارییەك تایبەت بەمیدیاكان بڵاودەكاتەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 224 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان  چەند ڕێنمایی و هۆشدارییەك ئاراستەی سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات و  دەڵێت، خۆیان بەدوربگرن لەبڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیاری و نهێنییەکی سەربازی کە خزمەت بەنەیارانی کوردستان بکات.


فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنی و هەستیارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت و لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی هەرێم، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەم ڕێنمایی و هۆشدارییە کۆتاییانە ئاراستەی سەرجەم دەزگاکانی ڕااگەیاندن (ناوخۆیی و بیانی) دەکات: 

یەکەم: بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیاری و نهێنییەکی سەربازی کە خزمەت بە نەیارانی کوردستان بکات و زیان بە ئاسایشی هەرێم بگەیەنێت، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە. 

دووەم: وێنەگرتن یان بڵاوکردنەوەی دیمەنی تێکشاندنی درۆنەکان لە ئاسماندا یان پیشاندانی پاشماوەکانیان قەدەغەیە، چونکە زانیاریی تەکنیکی و مەیدانیی هەستیار دەدات بە دوژمن. 

سێیەم: دەرخستنی شوێنە بەئامانجگیراوەکان یان وێنەگرتنی دامەزراوە سیادی و ئەمنییەکان دەستبەجێ دوای ڕووداوەکان قەدەغەیە. 

چوارەم: هۆشداری دەدەین کە هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن پابەندی ئەم ڕێنماییانە نەبێت یان بە شێوازێکی ناپیشەیی ڕووماڵی هەواڵەکانی شەڕ و پەلامارەکان بکات، دەستبەجێ لە لایەن دژەتیرۆری کوردستانـەوە ڕووبەڕووی لێپیچینەوە و سزای یاسایی دەبێتەوە. 

پێنجەم: بەرامبەر سەرپێچیکاران، ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی توند دەگیرێتە بەر، کە دەگاتە کێشانەوەی مۆڵەتی کارکردن یان داخستنی هەمیشەیی، بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە 13ی ئاداری 2026. 

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی داوا لەسەرجەم میدیاکاران دەکات، بەرژەوەندییە باڵاکان لەبەرچاو بگرن و بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە مامەڵە بکەن.