شارپرێس:
وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ لەهەولێر و سلێمانی دوو بارەگای هێزەکانی پێشمەرگە بەدرۆن کراونەتە ئامانج و سێ پێشمەرگە بریندران.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ سێشەممە 18ی ئاداری 2026، دوو بارەگای یەکەکانی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی کرانە ئامانجی هێرشی درۆنی، کە بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا سێ پێشمەرگەی قارەمان برینداربون".
ئاماژە بەوەکراوە، "ئەم دەستدرێژییە نابەرپرسانەیە لە کاتێکدایە کە پێشتریش چەندین جار بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە ڕووبەڕووی بۆردومان بوونەتەوە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان لەو پێشێلکارییانە ئاگادار کردووەتەوە".
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت ، "بە توندی سەرکۆنەی ئەم کردەوە تیرۆریستیانە دەکەین و داوا لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکەین بە ئەرکی یاسایی خۆی هەستێت و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە ناوخۆییانە دابنێت و پێویستە هەنگاوی خێرا و بەپەلە بنرێت بۆ ڕێگریکردن لەو گروپە لەیاسا دەرچووانە بۆ دووبارە نەکردنەوەی ئەم کردەوانە کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە".
