ئەوروپا چاوەڕێی شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەران لەئێرانەوە دەکات

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 244 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕەکان شەپۆلێکی کۆچبەریی لەئێرانەوە بەرەو ئەوروپا دەستپێبکات، کە بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، زیاتر لە 3 ملیۆن کەس لە ماوەیەکی کورتدا لە ناوخۆی ئێران ئاوارە بوون، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە خۆی میوانداری ملیۆنان پەنابەری تر دەکات، ئەمەش گوشارە مرۆییەکان و ئەگەری کۆچی دەرەکی زیاتر دەکات.

 
چاودێران پێیان وایە بەردەوامیی شەڕ بۆ ماوەیەکی درێژتر، ئاوارەیی ناوخۆیی دەگۆڕێت بۆ کۆچێکی بەکۆمەڵ بۆ دەرەوەی سنوورەکان، بەتایبەت ئەگەر دۆخی ئابووریی و ئەمنیی زیاتر تێکبچێت.

لەوبارەیەوە فریدریش مێرتیز، راوێژکاری ئەڵمانیا هۆشداری داوە کە هەرەسھێنانی ئێران دەبێتە هۆی شەپۆلێکی کۆچکردن کە ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت و داوای کردووە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی سووریا بکرێت. لە بەرانبەردا، هەندێک لایەنی سیاسی داوای کردنەوەی ڕێڕەوی ئارام و ڕێکخراو بۆ پەنابەران دەکەن تا هاوسەنگی لەنێوان ئەرکە مرۆییەکان و گوشارە ناوخۆییەکان دروست بێت.

چاودێران پێیان وایە قەبارەی هەر شەپۆلێکی کۆچکردن بەندە بە ماوەی شەڕەکە و توانای وڵاتانی دراوسێ بۆ لەخۆگرتنی ئاوارەکان، هەروەک بوونی ملیۆنان پەنابەری ئەفغانی لە ئێران دۆخەکە ناسکتر دەکات، چونکە ئەوان دەبنە یەکەم کۆمەڵە کە بەرەو ئەوروپا بەڕێبکەون، دەشڵێن ئەگەر توانای وڵاتانی دراوسێ بۆ حەواندنەوەی پەنابەران نەمێنێت، ئەوا ڕاستەوخۆ ڕوو لە ئەوروپا دەکەن.