شارپرێس:
ئاژانسی بلومبێرگ ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە داتاکانی بەدواداچوون دەریخستووە کە هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بە تەواوی وەستاوە.
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسەکە، وەستانی هاتوچۆ لەگەرووەکە، دوای زیادبوونی هاتوچۆی کەشتیوانی بووە لە ڕۆژی شەممەدا.
بەرپرسانی باڵای تاران پشتڕاستیان کردەوە کە سیستەمێکی نوێ گەرووی هورمز بەڕێوە دەبات و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان کۆتاییان هاتووە.
ڕۆژی شەممە وتەبێژی بارەگای خاتەم ئەلئەنبیا لە ئێران ڕایگەیاند کە جارێکی تر گەرووی هورمز دادەخرێتەوە، هەروەک چۆن لە کاتی ململانێی سەربازیی ٤٠ ڕۆژەی ناوچەکەدا داخرابوو.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە گەرووەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکان و لەژێر چاودێرییەکی تونددا دەمێنێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەمریکا ئازادیی هاتوچۆ بۆ ئێران و گەڕانەوە بۆ ئێران گەرەنتی نەکات، ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت.