یەکێتیی فشاری هاوسەنگیی هێز دەکات‌و پارتیش بەهەڕەشە نەوەی نوێ دەخاتە دودڵییەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2163 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەرێمی کوردستان، سیاسەت بوەتە یاریی ململانێی ژمارەکان‌و هاوسەنگیی هێز، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەڕێگەی وتەبێژەکەیەوە پەیامێکی ناردو دەڵێت، "ئیتر بەقەبارەی کورسی‌و قورسایی سیاسیی مامەڵە دەکەین"، وادیارە یەکێتیی بڕیاریداوە چیتر وەک حزبێکی 23 کورسی نەچێتە لای پارتی، بەڵکو دەیەوێت بە"بەرەیەکی هاوبەش" لەگەڵ لایەنەکانی دیكه‌ بچێتە پێشەوە، بۆ ئەوەی لەکاتی دابەشکردنی پلەو پۆستەکاندا، دەنگی دلێرتربێت‌و هاوسەنگیی هێز بپارێزێت، به‌ڵام پارتى ئه‌و یاریه‌ تێكده‌دات‌و په‌یامێكى بۆ یه‌كێتیى ناردوه‌، نه‌وه‌ى نوێ-ش هه‌ر كاتژمێره‌و قسه‌یه‌ك ده‌كات.


گۆڕان.. ئەو تاکە کورسییەی هەموان چاویان لێیە!
بزوتنەوەی گۆڕان کە ئێستا تەنها یەک کورسیی بۆ ماوەتەوە، بوەتە ئەو کلیلە سیاسییەی کە یەکێتیی زۆر پێویستییەتی، سلێمانی دەیەوێت بەو یەک کورسییەی گۆڕان، ژمارەی هاوپەیمانەکانی بگەیەنێتە 39 کورسی، ڕێک ئەوەندەی پارتی، بەمەش دەیەوێت پەیامێک بنێرێت کە "ئیتر لایەنێکی باڵادەست نییەو هەموان لەقەبارەدا وەک یەکین"، بەڵام گۆڕان تائێستا بێدەنگەو خۆی یەکلایی نەکردوەتەوە، وەک بڵێیت چاوەڕێی ساتێکی گونجاو دەکات بۆ بڕیاردان.

نەوەی نوێ‌و فۆبیای سندوقەکان...
کاتێک یەکێتیی خەریکی بڵاوکردنەوەی هەواڵی لێکتێگەیشتنەکان بوو لەگەڵ نەوەی نوێ، وتەبێژی نەوەی نوێ هات‌و وتی، "پەلە مەکەن، ئێمە هێشتا هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمیمان واژۆنەکردوە"، ئەم قسەیە وەک ساردکردنەوەی پەرۆشییەکانی یەکێتیی بوو، چونکە نەوەی نوێ دەیەوێت جارێ لەدورەوە سەیری یارییەکە بکات، ئەم دۆخە پارتیشی هێناوەتە قسەو دەڵێت، "ئێمە تەنها لەگەڵ حزبەکان بەجیا دادەنیشین، نەک لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان کە هێشتا لەناوخۆیاندا کێشەی جێگیربونیان هەیە".

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەم گۆڕانه‌ لەهەڵوێستی نەوەی نوێدا، نە خۆبەدورگرتنه‌ لەدەسەڵات‌و نە نازکردنیش، بەڵکو تەنها فۆبیای سندوقە، ترسی گەورەی ئەوان ئەوەیە کە یارییەکە تێکبچێت‌و هەڵبژاردن دوبارەبێتەوە؛ چونکە ئەزمونی پەرلەمانی عێراقیان لەبەرچاوە، دەیانەوێت بەهەر جۆرێک بێت ڕێگریی لەدوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بکەن‌و ئەو 15 کورسییەی ئێستایان وەک کەناری ئارامیی بپارێزن.

شرۆڤه‌كاران ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، نەوەی نوێ نایەوێت قومار بەو 15 کورسییەوە بکات، چونکە دەزانێت سندوقی دەنگدان زۆرجار لەگەڵ حزبی تازەدا وەفای نییە، بۆیە ئێستا دەیەوێت بەو قەبارەیەی هەیەتی، شوێنێکی نەرم‌و نیان لەکابینەی نوێدا بۆ خۆی مسۆگەربکات‌و بڵێت، "هەم لەحکومەتدام‌و هەمیش کورسییەکانم لەباخەڵمدان".

پارتی‌و هەڕەشەی تێکدانی یارییەکە
پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئێستا وەک براوەی یەکەم دەردەکەوێت‌و خاوه‌نى 39 كورسى په‌رله‌مانى كوردستانه‌، کاتێک دەبینێت یەکێتیی خەریکی دروستکردنی هاوپەیمانێتییە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، پەیامێکی توندی ناردوەو دەڵێت، "ئەگەر وابڕوات، بژاردەی هەڵبژاردنی دوبارە دەخەینەسەر مێزەکە!"، واتا پارتی دەڵێت، "یان دەبێت به‌گوێره‌ى ئەنجامە ڕاستەقینەکانی هەڵبژاردن مامەڵە بکەن، یان هەموو شتێک لەسەرەتاوە دەستپێدەکەینەوە".

دۆخی هەرێم؛ بەرەو کوێ؟
پەیامە کتوپڕەکەی نەوەی نوێ بۆ یەکێتیی، تەنها ڕونکردنەوەیەکی سادە نەبوو، بەڵکو گۆڕینی ئاڕاستەی با بوو لەلوتکەی ململانێکاندا، نەوەی نوێ بەم هەڵوێستەی، نەک هەر هیوای یەکێتیی بۆ دروستکردنی بەرەیه‌كى 39 کورسی ساردکردەوە، بەڵکو قسه‌كه‌ره‌كه‌ى نیشانیدا کە ئەوان نایانه‌وێت ببنه‌ پاشکۆی سیاسیی هیچکام لەجەمسەرە تەقلیدییەکان.

ئەگەرەکانی داهاتوو لەنێوان دوو جەمسەری دژبەیکدا دەخولێنەوە؛ یان ئەوەتا نەوەی نوێ ئەم پاشەکشەیەی وەک تاکتیکێک بۆ گرانکردنی نرخی خۆی بەکارهێناوەو دەیەوێت لەکۆتاییدا بەمەرجی قورستر لەگەڵ یەکێتیی واژۆبکات، یان ئەوەتا درکی بەوەکردوە کە مانەوە لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن وەک هێزی سێیەم، زۆر پارێزراوترە لەچونە ناو حکومەتێک کە پارتی هەڕەشەی تێکدانی دەکات.

لێرەوە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزییەکی بێوێنە هەنگاو دەنێت؛ ئەگەر نەوەی نوێ لەهاوپەیمانییەکە بکشێتەوە، یەکێتیی بەتەنهاو به‌23 کورسییەوە دەچێتە بەردەم پارتی، ئەمەش واتا شکستی پلانی هاوسەنگیی هێز، بەڵام ئەگەر ئەمە تەنها مانۆڕێکی کاتیی بێت، ئەوا هەرێم لەبەردەم لەدایکبونی بلۆکێکی سیاسیی نوێدایە کە دەبێتە گەورەترین تاقیکردنەوە بۆ پارتی لەدوای ڕاپەڕینەوە.

بەپەلە