ئەمجەد یوسف.. جەلادەکەی به‌عس

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1719 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمجەد یوسف، یەکێکە لەناوازەترین نمونەکانی دڕندەیی لەناو دەزگای هەواڵگری ڕژێمەکەی ئەسەد لەسوریا، ئەو ئەفسەرێکی هەواڵگریی سەربازیی بوو (لقی 227) کە بەرپرسیارێتی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی باشوری دیمەشقی لەئەستۆدا بوو، ناوەکەی بوە سیمبولی یەکێک لەسامناکترین تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی لەسەدەی 21دا.


کۆمەڵکوژیی تەدامون.. پەردەلادان لەسەر دڕندەیی
ناوبانگی ئەم بکوژە لەنیسانی 2022دا جیهانی هەژاند، کاتێک ڕۆژنامەی (گاردیان) ڤیدیۆیەکی دزەپێکراوی بڵاوکردەوە، لەو ڤیدیۆیەدا ئەمجەد یوسف دەردەکەوێت کە بەوپەڕی ساردوسەرییەوە، هاوڵاتیانی مەدەنی (کە چاویان بەستراوەو دەستیان کۆتکراوە) بەرەو چاڵێکی گەورە ڕادەکێشێت، تەقەیان لێدەکات‌و دواتر جەستەکانیان دەسوتێنێت.

ئەو گرتە ڤیدیۆییە تەنها بەشێک بوو لە27 تۆمار کە کوشتنی 41 کەسی تێدا بەڵگەکرابوو، هەرچەندە ئامارەکان باس لەوەدەکەن، قوربانیانی ئەو گەڕەکە گەیشتونەتە 288 کەس.



ژیان‌و هەڵکشانی لەناو دەزگا ئەمنییەکاندا:
لەدایکبون: ساڵی 1986 لەگوندی (نەباع ئەلتەیب) لەدەشتی غابی پارێزگای حەما لەدایکبوە.
پێگەیاندن: لەساڵی 2004 چوه‌تە ئەکادیمیای هەواڵگری سەربازیی‌و وەک لێکۆڵەر لەلقە مەترسیدارەکانی هەواڵگریی دەستی بەکارکردوە.
دەسەڵات: لەکاتی شۆڕشی سوریادا، بوە کەسی یەکەمی بڕیاردەر لەناوچەکانی تەدامون‌و یەرموک، بەرپرس بوە لەڕفاندن، ئەشکەنجەدان‌و کوشتنی بێسەروشوێنی سەدان هاوڵاتی مەدەنی، لەوانە ژن‌و منداڵ‌و بەساڵاچوان.

کۆتایی ڕاکردن:
ئەمجەد یوسف دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد بۆ ماوەیەک خۆی حەشاردا، بەڵام دواجار لەپرۆسەیەکی ئەمنیدا لەگوندەواری حەما، دوێنێ 24ی نیسانی 2026 دەستگیرکرا، تا ڕوبەڕوی سزای ئەو تاوانە گەورانە ببێتەوە کە دەرهەق بەمرۆڤایەتی ئەنجامیدابون.