کۆمەڵەی زەحمەتکێشان: سلێمانی قەڵای قایمی کۆمەڵە و ڕۆژهەڵاتە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 295 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:

کۆمەڵەی زەحمەتێکشانی کوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا ڕونکردنەوە لەبارەی شەهیدبوونی غەزال مەولان و هەوڵی چارەسەری و ناشتنی دەدات.

 

کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەڵێت، سلێمانی قەڵای قایمی کۆمەڵە و ڕۆژهەڵاتەو شاری سلێمانی و خەڵکە تێکۆشەرەکەی پەیوەندییەکی مێژوویی و قووڵیان لەگەڵ کۆمەڵە هەیە. سلێمانی هەمیشە بۆ ئێمە ماڵێکی دڵنیا و قەڵایەکی قایم بووە.

 

ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە

 سەبارەت بە گیانبەختکردنی هاوڕێ غەزاڵ مەولان و ڕووداوەکانی دواتر 
ڕوو لە کۆمەڵانی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان بەتایبەتی باشووری وڵات و شاری سلێمانی!

١- ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی خاکەلێوە، لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کەمپی سوورداش، هاوڕێ "غەزاڵ مەولان چەپەرئاباد" پێشمەرگەی کۆمەڵە، بە توندی بریندار بوو. پاش گواستنەوەی بۆ سلێمانی و وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی لە نەخۆشخانەی شۆڕش، بە مەبەستی چارەسەری بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەی "بەخشین" کرا. بەڵام لەوێ دوور لە هەموو پرەنسیپێکی مرۆیی و پزیشکی، وەرگرتنی ئەو هاوڕێیەیان ڕەت کردەوە.
ئێمە جەخت دەکەینەوە کە کاربەدەستانی نەخۆشخانەی بەخشین لەم ڕووداوەدا تاوانبارن. تەنانەت لە ناوەڕۆکی ڕوونکرندەوەکەی خۆشیاندا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ئەرکی پیشەیی و مرۆیی خۆیان بەجێنەهێناوە و ئەمە پێشێلکارییەکی گەورەی یاسایی و پیشەییە. پێویستە ئەم بابەتە بە وردی بەدواداچوونی بۆ بکرێت و ئەو کەسانەی بەرپرسیار بوون لەو بڕیارە نامرۆڤانەیە، بدرێنە دەستی سیستەمی دادوەری و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

٢- ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و دۆخی ئەمنی
سەبارەت بە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی هاوڕێ غەزاڵ، بەهۆی دۆخی هەستیاری ئەمنی و پاراستنی سەلامەتیی بەشداربووان لەژێر هەڕەشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی، ناچار بووین چەند جارێک کات و شوێنی ڕێوڕەسمەکە بگۆڕین و بە شێوەی ئاشکرا ڕاینەگەیەنین. ئەمە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لە باشوور، کە دەیانویست بەشدار بن، بێبەش بن. لێرەوە سوپاسی هەموو ئەو چالاکوان و دڵسۆزانە دەکەین کە لەو چرکەساتە سەختانەدا هاوکار و پشتیوانمان بوون. ئەگەر بەهۆی ناهاوئاهەنگی و گۆڕینی کتوپڕی کات و شوێن، هەوڵ و دڵسۆزییەکانی هەندێک لە ئێوە ئازیزان وەک پێویست نەبینراوە، جێگەی ڕێز و پێزانینی بێپایانی ئێمەیە و داوای لێبووردنتان لێ دەکەین.

٣- سلێمانی؛ قەڵای قایمی کۆمەڵە و ڕۆژهەڵات
شاری سلێمانی و خەڵکە تێکۆشەرەکەی پەیوەندییەکی مێژوویی و قووڵیان لەگەڵ کۆمەڵە هەیە. سلێمانی هەمیشە بۆ ئێمە ماڵێکی دڵنیا و قەڵایەکی قایم بووە. لە مێژووی دوور و درێژماندا، سەرەڕای هەموو پیلانەکانی داگیرکەرانی تاران و بەغدا، ئەم پەیوەندییە نەتەوەییە هەر ماوەتەوە. کۆمەڵە هەمیشە بە دڵ و بە گیان پشتیوانی خەڵکی "شاری هەڵمەت و قوربانی" بووە و سلێمانیش بۆ بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات شوێنی دڵنیایی بووە.

٤- دەربارەی پەیوەندییە مێژووییەکان لەگەڵ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان:
پەیوەندیی نێوان کۆمەڵە و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، تەنیا پەیوەندییەکی سیاسیی ئاسایی نییە، بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەی لە مێژوویەکی هاوبەشی پڕ لە هەوراز و نشێودا هەیە. لە زۆر سەردەمی چارەنووسساز و لە ڕۆژە سەختەکانی خەباتدا، ئەم دوو لایەنە وەک دوو هاوسەنگەری دێرین، پشت و پەنای یەکتر بوون و پێکەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکان بوونەتەوە.
ئێمە وەک کۆمەڵە، هەمیشە بنەمای ڕاشکاوی و دڵسۆزیمان لەم پەیوەندییەدا پاراستووە؛ هەر ڕەخنە، گازندە یان داواکارییەکمان هەبووبێت، لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەماندا و بە ڕاشکاوی ئاراستەی یەکیەتی نیشتمانیمان کردووە. لە هەمان کاتدا، بەردەوام هەوڵمان داوە بە لێک تێگەیشتنی هاوبەش، ئاستی ئەو گوشارانەی کە لەلایەن داگیرکەران و نەیارانەوە دەخرێنە سەر هەردوولا کەم بکەینەوە.

٥- لە هەر قۆناغێکدا و له کاتە هەستیارەکاندا به تایبەت، ستراتیژی ئێمە ئەوەیە کە هیچ بیانوویەک نەدەینە دەست داگیرکەران بۆ ئەوەی درز بخەنە نێوان هێزە کوردستانییەکان یان گوشاری ناڕەوا بخەنە سەر هیچ کام لە لایەنەکانمان. پاراستنی ئەم هاوسەنگی و هەماهەنگییە، بە ئەرکێکی نەتەوەیی دەزانین بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە بەرگری لە دەستکەوتەکانی کوردستان و شکۆی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەمان بکەین.
ئێمە وەک کۆمەڵە، ڕێز لەو ڕاشکاوییە دەگرین کە یەکیەتی نیشتمانیی لە ئاستی ئاڵۆزی و گرفتەکاندا نواندوویەتی و هەمیشە بە ڕوونی داواکاری و نیگەرانییەکانی خۆی پێ ڕاگەیاندووین.
لەم سۆنگەیەوە و وەک هێزێکی بەرپرسیار، ئێمە هەمیشە بەرژەوەندیی باڵای خەڵکی باشووری کوردستان و پاراستنی قەوارەی هەرێممان لەبەرچاو گرتووە. هەوڵی بێپچڕانمان ئەوە بووە کە شێوازی چالاکییەکانمان بە جۆرێک بێت کە هیچ جۆرە بیانوویەک نەدەینە دەست داگیرکەران، بەتایبەت حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تا بتوانێت فشارە سیاسی و سەربازییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی باشوور چڕتر بکاتەوە.
پاراستنی ئەم هاوسەنگییە و ڕەچاوکردنی دۆخی هەستیاری باشوور، لای ئێمە نیشانەی وەفادارییە بۆ ئەو خاک و خەڵکەی کە ساڵانێکی دوور و درێژە میواندار و پشتیوانی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتن. ئێمە جەخت دەکەینەوە کە ئاسایش و سەقامگیریی باشوور، بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایش و بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئێمە.

٦- هاودەنگیی نەتەوەیی
ئەمڕۆ هاودەنگیی نەتەوەیی لە هەموو بەشەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات بۆ پشتیوانی لە ڕۆژهەڵات، جێگەی شانازییە. هەروەک چۆن ڕۆژهەڵات هەمیشە دەنگی دلێری بەشەکانی تری کوردستان بووە، ئەمڕۆش تەواوی نیشتمان لە گەرووی "غەزاڵ"ەوە هاواری یەکگرتوویی و مافخوازی دەکات.

٧. لە کۆتاییدا سپاس و ڕێزمان پێشکەشی هەموو ئەو لایەنە سیاسی و کەسایەتی و تاکە بەرپرس و نیشتمان پەروەر و دڵسۆزانە دەکەین کە لە زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوودا پشتیوان و یارمەتیدەری کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی وڵات لە ڕۆژهەڵات بوون. هاوکات سپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە لە گیانبەختکردنی هاوڕێ غەزاڵ مەولان‌دا بە هانامانەوە هاتن و دڵسۆز و هاوخەم بە بەشداری لە ڕێوڕەسمەکان و ئاسانکاری لە بواری جۆراجۆر و ناردنی پەیام و برووسکە ئەو خەمەیان لەگەڵ هەڵگرتین و بە پشتیوانی دڵگەرمیان کردین و باری سەرشانمانیان سووک کرد.

بەرز و بەڕێزە یادی هاوڕێ غەزاڵ و سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان
ژن، ژیان، ئازادی

 کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان-کۆمیتەی ناوەندی
٢٣ی ئەیپریڵی ٢٠٢٤
٣ی گوڵانی ١٤٠٥