شارپرێس:
ئەمیر سەعید ئیرەوانی نێردەی هەمیشەیی ئێران لەنەتەوەیەکگرتوەکان، ناڕەزایەتییەکی توندی وڵاتەکەی گەیاندە ئەنجومەنی ئاسایشو سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان، سەبارەت بەبەکارهێنانی خاکو ئاسمانی پێنج وڵاتی کەنداو لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هێرشکردنەسەر ئێران.
ئەمیر سەعید ئیرەوانی نێردەی هەمیشەیی ئێران لەنەتەوەیەکگرتوەکان دەڵێت، "وڵاتانی (قەتەر، کوەیت، بەحرەین، ئیماراتو سعودیە) ڕێگەیانداوە واشنتۆن خاکو ئاسمانیان بۆ هێرشکردنەسەر ئێران بەکاربهێنێت، بۆیه داوا لەو وڵاتانە دهكهین پابەندبن بەبنەماکانی دراوسێیەتیو ڕێگریی بکەن لەبەردەوامیی بەکارهێنانی خاکەکەیان دژی کۆماری ئیسلامی".
ئیرەوانی بهناوى وڵاتهكهیهوه داوای لەهەر پێنج وڵاتەکەو ئوردن-یش کردوە قەرەبوی ئەو زیانانە بکەنەوە کە بەهۆی بەشداریی ڕاستەوخۆ یان ئاسانکاریی بۆ هێرشە ئەمریکیو ئیسرائیلییەکان، بەر وڵاتەکەی کەوتون.
لەلایەکی دیکەوە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا جەختی لەپێویستی ڕاگرتنی هەر بەکارهێنانێکی هێز لەدژی ئێران کردەوەو ئامادەیی مۆسکۆی نیشاندا بۆ نێوەندگیرییو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تارانو وڵاتانی کەنداو.
هاوکات دوو ڕۆژ لهمهوبهر، جولز هێرست پشکێنەری بودجە لەوەزارەتی جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، وەزارەتەکەى تائێستا نازانێت تێچوی نۆژەنکردنەوەی ئەو بنکە ئەمریکییانە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەند دەبێت کە لەململانێکان لەگەڵ ئێراندا زیانیان بەرکەوتوە.
