هاتوچۆ له‌باره‌ى ئۆتۆمبێله‌ بێ سه‌ره‌تاكانه‌وه‌ بڕیاریدا

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5249 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ڕاپەڕین لەڕاگەیەندراوێکی بەپەلەو تونددا، شەڕی دژی سەرپێچییە یاساییەکان ڕادەگەیەنێت‌و هۆشداریی دەداتە ئەوکەسانەی ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتا و بڕاوە بەکاردەهێنن، جەختدەکاتەوە، "ئەم دیاردەیە چیتر تەنها سەرپێچییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی".


لەڕاگەیەندراوەکەدا کە ئاراستەی ڕای گشتیی کراوە، هاتوچۆی ڕاپەڕین سەلامەتیی گشتیی وەک هێڵی سور دەستنیشاندەکات‌و دەڵێت، "هیچ جۆرە چاوپۆشی‌و سازشێک لەدەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتا ناکرێت، مەفرەزەکانی هاتوچۆ ڕاسپێردراون کە بەبێ گەڕانەوەو بەتوندترین شێوەی یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەمجۆرە سەرپێچییانەدا بکەن".

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژە بەوەدەکات، ئەفسەرو کارمەندەکانیان لەسەختترین کەشوهەوادا بۆ پاراستنی شکۆی دەوڵەت‌و یاسا لەسەر شەقامەکانن، بۆیه‌ وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن پەیامەکەیان ڕونە ئه‌ویش، "ڕێگەنادەین هیچ کەسێک لەژێر پەردەی سەرکێشیدا ژیانی خەڵک بخاتە مەترسییەوە".

هاتوچۆی ڕاپەڕین ئه‌وه‌شى وتوه‌، "پلانێکی تۆکمەی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان داڕشتوە بۆ کۆنترۆڵکردنی توندی سنورەکان‌و ناوشارەکان، لێخوڕینی بێ مۆڵەت‌و دروستکردنی دەنگی نائاسایی کە ببێتە هۆی بێزارکردنی خەڵک، ڕوبەڕوی سزایەکی قورس‌و بێ گەڕانەوە دەبێتەوە".

لەکۆتایی پەیامەکەدا، هاتوچۆی ڕاپەڕین دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان کە هەموو وزەو هەوڵێکیان دەخەنەگەڕ بۆ چەسپاندنی ئارامی، چونکە پاراستنی گیان‌و ماڵی خەڵک ئەرکێکی پیرۆزەو لەمەودوا یاسا بەسەر هەمواندا وەک یەک جێبەجێدەکرێت.