شارپرێس:
لەکاتێکدا واشنتۆن جەخت لەسەر توندکردنەوەی گەمارۆ ئابورییەکانی سەر تاران دەکاتەوە، ئامارە نوێیەکان دەریدەخەن کە دیواری گەمارۆکە لەگەروی هورمز درزی تێکەوتوە، بهگوێرهى داتاکانی کۆمپانیای (فۆرتێکسا) بۆ شیکردنەوەی زانیارییەکان، تەنها لەماوەی ئەم هەفتەیەدا لانی کەم 34 كهشتیى نەوتی پەیوەندیدار بەئێران توانیویانە بەسەرکەوتویی لەگەروی هورمز بپەڕنەوەو نزیکەی نۆ ملیۆن بەرمیل نەوت بگەیەننە بازاڕە جیهانییەکان.
بهگوێرهى وێنە مانگە دەستکردەکان، دوو لەگەورەترین تانکەرەکانی ئێران بەناوەکانی (هیرۆ 2، هیدی) کە توانای هەڵگرتنی چوار ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەیە، هێڵی گەمارۆی ئەمریکایان بەزاندوەو چونەتە ناو دەریای عەرەب، ئەم کەشتیانە بۆ ماوەی زیاتر لەمانگێک ئامێرەکانی ناسینەوەو شوێنپێهەڵگرتنیان (AIS) کوژاندوەتەوە تا وەک کەشتی تاریک دەربکەونو لەچاوی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا ون بن.
تەنانەت تانکەری (دۆرینا) کە لەژێر سزاکاندایە، دوای ئەوەی لەکەناراوەکانی مالیزیا پرۆسەی گواستنەوەی نەوت بۆ نەوتی (STS) لەگەڵ کەشتییەکی دیكهى سزادراودا ئەنجامداوە بۆ شاردنەوەی سەرچاوەی نەوتەکە، توانیویەتی بەبێ ئامێری شوێنپێهەڵگر لەگەمارۆکە دەربازى بێت.
ئەم دۆخە بوەتە هۆی دروستبونی ئەوەی کە خاوەن کەشتییەکان بەگەمارۆی دوسەرە ناوی دەبەن، لەلایەکەوە ئەمریکا هەوڵی ڕێگریکردن لەهەناردەی ئێران دەداتو تائێستا 28 کەشتی ناچار بەگەڕانەوە کردوە، لەلایەکی دیكهشهوه هێزە دەریاییەکانی ئێران توندوتیژییان بەرامبەر کەشتییە بازرگانییەکان بەکارهێناوە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی ئێران تەقەیان لەکەشتییەکی کۆنتێنەری فەرەنسیو كهشتیهكى هیندی کردوە، ئەمەش وایکردوە هاتوچۆی دەریایی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوەو نزیکەی 800 کەشتی لەناو کەنداوەکەدا گیربخۆن.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، گەمارۆکە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوەو فشارەکان بۆسەر تاران بەردەوامدەبن، بەڵام تێپەڕبونی ئەم 34 كهشتیهو بەردەوامی هەناردەی نەوت بۆ وڵاتانی وەک چینو هیندستان، ئاماژەیەکی ڕونە بۆ سنورداریی توانای ئەمریکا لەکۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە.
ئێستا گەروی هورمز بوەتە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی ئیرادەکان، لەنێوان كهشتیه ئێرانییەکان کە بەفێڵو تەکنیکە دەریاییەکان گەمارۆ دەشکێننو هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا کە هەوڵدەدەن دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بسەپێنن.
