شارپرێس:
ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم، بڕیاری یەکخستنی جلوبەرگی ناوەندەکانی خوێندنی بۆ ساڵى نوێى خوێندن ڕاگەیاندو جەختیکردەوە، دایکوباوکان ئازادن لەوەی جلوبەرگی منداڵەکانیان لەهەر شوێنێک بکڕن کە بۆیان گونجاوبێت.
بهگوێرهى بڕیارە نوێیەکە، جلوبەرگی قوتابخانە حکومی، نێودەوڵەتی، نمونەییو کۆمەڵگە پەروەردەییەکان هاوشێوە دەبنو هیچ ناوەندێکی خوێندن مافی ئەوەی نییە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا یان دوکاندارێک بکات بۆ ئەوەی بەزۆر جلوبەرگ بەسەر قوتابیاندا بفرۆشێتەوە.
وهكو وهزیرى پهروهرده ڕایگهیاند، ساڵى داهاتوى خوێندن ڕەنگی جلوبەرگەکان بهگوێرهى قۆناغەکان بەمشێوەیە دەبێت:
باخچەی ساوایان: تیشێرتی نارنجیو پانتۆڵی نیلی.
قۆناغی 1 تا 6 ی بنەڕەتی: تیشێرتی مارۆنی لەگەڵ پانتۆڵ یان تەنورەی نیلی.
قۆناغی 7 تا 9 ی بنەڕەتی: تیشێرتی نیلیو پانتۆڵ یان تەنورەی ڕهساسی.
قۆناغی 10 تا 12 ی ئامادەیی: تیشێرتی ڕهساسیو پانتۆڵ یان تەنورەی ڕەش.
سهبارهت بهکوالێتیو جۆری قوماشەکەوە، وەزارەتی پەروەردە مەرجی داناوە، بۆ تیشێرتو بلوز دەبێت ڕێژەی کەتان لە 70% کەمتر نەبێتو کێشەکەی 210 گرام بێت بۆ هەر مەتر مورەبەعێک، بۆ پانتۆڵو تەنورەش دەبێت 50% کەتانو 47% پۆلیستەر بێتو کێشەکەی 270 گرام بێت.
هاوکات ئاماژە بەوەشكراوه، پۆشینی قەمسەڵەو جلوبەرگی وەرزشی ئازادە، بەو مەرجەی ڕەنگەکانیان لەگەڵ ڕەنگی جلوبەرگی قوتابخانەکاندا بگونجێت.
وەزارەتی پەروەردە ڕاشیگەیاندوه، کەتەلۆگی تایبەت بەشێوازو کوالێتی جلوبەرگەکان ئامادەکراوەو بازرگانان دەتوانن بەخۆڕایی لەبەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان وەریگرن، تاوەکو بهگوێرهى ئەو ستانداردانە جلوبەرگ بخەنە بازاڕەوەو ڕێگریی لەبارگرانی دارایی بۆسەرشانی هاوڵاتییان بکرێت.

