شارپرێس:
دوای پەککەوتنی بۆ ماوەی زیاتر لە 13 ساڵ، مەرزی نێودەوڵەتی ڕەبیعە لەنێوان
عێراقو سوریا جارێکی دیکە دەرگاکانی بەڕوی بازرگانیدا واڵاکردەوە، چاودێرانیش دهڵێن،
ئەم هەنگاوە تەنها کردنەوەی دەروازەیەک نییە، بەڵکو گەڕانەوەی هیواو ژیانە بۆ
ئابوریی ناوچەکەو هەوڵێکی ستراتیژییە بۆ گۆڕینی عێراق بۆ ناوەندێکی بازرگانی ناوچەیی.
عومەر وائیلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانى عێراق ڕایدهگهیهنێت،
"ئەم مەرزە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەڕێژەی 10٪ بۆ
20٪ لەمانگەکانی یەکەمدا، چاوەڕواندەکرێت ئەم ڕێژەیە لەداهاتودا زیاتریش بێت لەگەڵ
پەرەپێدانی ژێرخانی ناوچەکە".
بهوتهى وائیلى، مەرزەکە وەک ڕێڕەوێکی خێرا بۆ تانکەرە نەوتییەکانی
عێراق بەرەو پاڵاوگەی بانیاس لەسوریا بەکاردێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی
جەنجاڵی لەمەرزەکانی دیكهى وەک وەلید، هاوكات ڕەبیعە دەبێتە پردێکی پەیوەندیی بۆ
گواستنەوەی کاڵا تورکییەکان لەڕێگەی سوریاوە بۆ عێراقو بەپێچەوانەشەوە، ئەمەش
داهاتی دەوڵەت زیاد دەکات.
لهوبارهیهوه پارێزگاری نەینەوا جەختدەکاتەوە، مەرزەکە هەلی کاری
نوێ بۆ گەنجانی ناوچەکە دەڕەخسێنێتو جوڵە دەخاتە کەرتی گواستنەوەو کۆگاکردن.
سەرەڕای مەترسییەکانی ڕابردوو، بەرپرسانی ئەمنی جەختدەکەنەوە، سنورەکان
بەتەواوی کۆنترۆڵکراونو سیستمە پێشکەوتوەکانی چاودێری ڕێگرن لەهەر جۆرە دزەکردنو
قاچاخچێتییەک.
کردنەوەی مەرزی ڕەبیعە لە 20ی ئهم مانگهدا، چاودێران بهكردنهوهى
خوێنبەرێکی ئابوریی نوێ ناوى دهبهن، ئێستاش چاوەکان لەسەر ئەوەن کە ئایا ئەم دەروازەیە
چۆن دەتوانێت هاوسەنگیی بازاڕەکان بپارێزێتو تێچوی گواستنەوە بۆ بازرگانان کەمبکاتەوە.
