شارپرێس:
لەهەنگاوێکی چاوەڕوانکراودا بۆ ڕێگریکردن لەهەر پەککەوتنێکی دەستورییو تێپەڕاندنی بنبەستە سیاسییەکان، پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا دەرگاکانی دانەخاتو وەرزی یاسادانانی ئێستای بۆ مانگێکی دیکە درێژبکاتەوە، ئەم بڕیارە کە دوای ڕێککەوتنی نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمانو کوتلە سیاسییەکان هات، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەیەکلاکردنەوەی ناوی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆکایەتی حکومەت.
بهگوێرهى مادەی 76ی دەستوری عێراق، کاتێک کاندیدی گەورەترین کوتلە ڕادەسپێردرێت، تەنها 30 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێشکەشکردنی ناوی وەزیرەکانو بەرنامەی کارەکەی بەپەرلەمان.
درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانان وەک دەستکەوتێکی کاتیی دەبینرێت تاوەکو پەرلەمانتاران پشوو وەرناگرنو لهوهرزى یاساداناندا دهمێننەوەو ئامادەدهبن بۆ متمانەدان بەو کابینە نوێیەی کە شەقامی عێراقی بەپەرۆشەوە چاوەڕێی دەکات.
جەمال کۆچەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامهوانیدا وتویهتى، "بڕیاربوو لەم چەند ڕۆژەدا وەرزی یاسادانان کۆتایی بێتو پەرلەمان بچێتە پشوەوە، بەڵام بهگوێرهى ڕێککەوتنە نوێیەکان، دانیشتنەکان تا کۆتایی مانگی داهاتوو بەردەوامدەبن".
ئهوهشى وتوه، "ئەم مانگە زیادەیە تەنها بۆ متمانەدان بەحکومەت نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ ڕزگارکردنی دەیان پڕۆژەیاسای هەستیار کە لەناو تەپوتۆزی لیژنەکاندا پەکخراون".
سەرچاوە پەرلەمانییەکان باس لەوەدەکەن، چەندین یاسای گرنگ وەک یاسای بودجەی گشتییو یاسا خزمەتگوزارییەکان لەناو لیژنەکاندانو پێویستیان بەخوێندنەوەو دەنگدان هەیە، مانەوەی پەرلەمانیش لەمکاتەدا، فشارەکان لەسەر حکومەتی داهاتوو کەمدەکاتەوەو ڕێگریی دەکات لەدروستبونی بۆشاییەکی یاسایی کە ڕەنگە پڕۆسەی خزمەتگوزارییەکان پەکبخات.
ئێستا چاوەکان لەسەر کۆبونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیو گفتوگۆکانی ناو پەرلەمانە، ئایا ئەم مانگە درێژکراوەیە دەبێتە کلیلی کردنەوەی قوفڵی حکومەت، یان تەنها کاتکوشتنێکی دیکە دەبێت لەناو جەنجاڵی کێشە سیاسییەکاندا؟.
