شارپرێس:
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە فەرمانی کردوە، لە ماوەی پێنج ڕۆژدا هەموو چەکێک لە هێزەکانی سەرایا سەلام لە کەربەلا وەربگیرێتەوە.
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، فەرمانی دەرکردووە بەوەی دەبێت لە ماوەی پێنج ڕۆژدا هەموو چەکێک لە هێزەکانی سەرایا سەلام لە کەربەلا وەربگیرێتەوە، ئەوانەی لەو فەرمان دەگرن.
ئەوە لەکاتێکدایە فەرماندەیی باڵای سەرایا سەلام بڕیاری سڕکردنی تەواوی چالاکییە سەربازییەکانیو داخستنی سەرجەم بارەگاکانی لەپارێزگای کەربەلا ڕاگەیاند، ئەم بڕیارەش کە لەڕێگەی نوسراوێکی فەرمیی یاریدەدەری جیهادییەوە دەرچوە، ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی نوێ لەمامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئەمنیی ئهوشارەدا.
بەگوێرەی ئەو نوسراوهى کە مێژوی 24ی ئهم مانگهى لهسهره، هۆکاری سەرەکی ئەو بڕیارە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتییو پارێزگاری لەپیرۆزیی کەربەلا گەڕێنراوەتەوە، چاودێرانیش دهڵێن، ئەمە نیشانەیەکی ڕونە کە فەرماندەیی سەرایا سەلام نایەوێت هیچ جۆرە ئاڵۆزییەک یان ناوبانگێکی نەرێنی لەژێر ناوی ئەواندا بەرۆکی ئەوشارە بگرێت.
خاڵی هەرە سەرنجڕاکێش لەبڕیارەکەدا، لادانی پەردەیە لەسەر ئەوکەسانەی کە ناوی ئەو هێزە بۆ مەرامی تایبەتی بەکاردەهێنن، وهكو لەنوسراوهكهدا داوا لەدەزگا ئەمنییە فەرمییەکان کراوە کە بەتوندی یاسا جێبەجێبکەنو سزای هەموو ئەوکەسانە بدەن کە ناوی سەرایا سەلام دەکەنە پۆشاکو پەناگە بۆ کارە نایاساییەکانیان.
ئەم هەنگاوە لەلایەن چاودێرانەوە وەک پاڵپشتییەک بۆ دەسەڵاتی دەوڵەتو هێزە ئەمنییەکان دەبینرێت، چونکە ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی پۆلیسو سوپا بێ سڵمینەوە ڕوبەڕوی هەر سەرپێچییەک ببنەوە، داخستنی بارەگاکانیش تەنها بڕیارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو پەیامێکی سیاسییو ئەمنییە بۆ دورخستنەوەی چەک لەململانێ نێوخۆییەکانو سەپاندنی ئارامی لەشەقامەکانی کەربەلادا.
بهگوێرهى پێکهاتەی ڕێکخراوەییو ئایدیۆلۆژیی، موقتهدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانى شیعه، خاوەنو سەرپەرشتیاری باڵای سەرایا سەلامە، ئەم هێزە لەساڵی 2014 وەک درێژکراوەیەک بۆ سوپای مەهدی دامەزرێنرا، دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر بەشێکی خاکی عێراقدا گرت، فەرمانە سەرەکییەکانیش وەک سڕکردن یان چالاککردنەوەی هێزەکە، ڕاستەوخۆ لەلایەن سەدر یان یاریدەدەری جیهادییەکەیەوە دەردەچن.
