شارپرێس:
میدیا ئیسرائیلییەکان ئاشکرایانکردوە، ێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان دەریخستوە کە سەکۆی "نوبیتێکس" بۆ دراوە دیجیتاڵییەکان، ڕۆڵێکی گەشەسەندوو لەناو ئابوریی ئێراندا دەگێڕێتو ڕوبەڕوی تۆمەتی پەیوەندیی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بازنەکانی دەسەڵات لەتاران بوهتەوە.
کەناڵی i24 NEWSی عیبری باسی لەوەکردوە، ئەم سەکۆیە وەک ئامرازێکی دارایی بۆ تێپەڕاندنی سیستەمی بانکییو سزاکانی ئەمریکاو سزا نێودەوڵەتییەکان بەکاردێت، کە پەردە لەسەر تێکەڵبونی پارەی دیجیتاڵییو ژێرخانی سیاسییو ئەمنیی ئێران هەڵدەماڵێت.
نوبیتێکس گەورەترین سەکۆی ئاڵوگۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکانە لەئێرانو لەماوەیەکی کەمدا لەکۆمپانیایەکی نوێوە بوهتە کەناڵێکی سەرەکیی بۆ هاتوچۆی پارەی دیجیتاڵی.
بهگوێرهى لێکۆڵینەوەکە، ئەم سەکۆیە دەستی بەسەر نزیکەی 70%ی مامەڵەکاندا گرتوە، ئەمەش وایکردوە، ببێتە یاریزانێکی باڵادەست لەئابورییەکی دیجیتاڵیدا کە لەدەرەوەی چوارچێوەی بانکی تەقلیدی کاردەکات.
لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بەوەشدەکات، سەکۆکە لەلایەن ئەندامانی خێزانێکی دەستڕۆیشتوەوە دامەزراوە کە پەیوەندییان لەگەڵ بازنە ئایینیو سیاسییەکانو کەسایەتییەکانی نزیک لەسەرکردایەتیی باڵای ئێران هەیە.
سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیاکە هەر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەت ڕەتدەکاتەوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، نوبیتێکس وەک ئەڵقەیەکی پەیوەندیی لەسیستەمێکی دارایی هاوتەریبدا کاردەکات بۆ گواستنەوەی پارە بەبێ گەڕانەوە بۆ بانکەکان.
شیکردنەوەکان دەریدەخەن کە سەکۆکە مامەڵەی لەگەڵ لایەنە سزادراوەکان کردوە، لەوانە دامەزراوە فەرمییەکانو نیمچە سەربازییەکان.
پسپۆڕان پێیانوایە، ئەم مۆدێلە نیشانەی ستراتیژیی تارانە بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بەمەبەستی خۆگونجاندن لەگەڵ کۆتوبەندە داراییە نێودەوڵەتییەکان.
سەکۆکە تەنانەت لەکاتی پچڕانی ئینتەرنێتو گرژییە سەربازییەکانیشدا بەردەوامبوە لەکارکردن، ئەمەش نیشانەی هەبونی ژێرخانێکی تەکنیکی بەهێزە کە لەژێر مەرجە ئەمنییە توندەکاندا کاردەکات.
هەروەها نوبیتێکس تەکنیکی پێشکەوتوو بۆ لێڵکردنی ڕێڕەوی گواستنەوەکانو گۆڕینی ناونیشانی جزدانە دیجیتاڵییەکان بەکاردێنێت تا شوێنپێهەڵگرتنی پارەکان سەخت بێت.
چاودێران پێیانوایە، ئەم مۆدێلە ڕەنگدانەوەی فراوانبونی "ئابوریی خۆڵەمێشی" دیجیتاڵییە، کە داهێنانی تەکنەلۆژی لەگەڵ ڕەچاوکردنی سیاسییو ئەمنیی لەسیستەمێکی داراییدا تێکەڵدەکات کە ئەستەمە بەتەواویی ڕێکبخرێت
