شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەمریکا بەشێوەیەکی تاکلایەنە لەرێککەوتنی ئەتۆمی 2015 کشایەوەو پێویست ناكات كشانەوە لەڕێككەوتنەكە بكاتە بڕیارێكی هاوبەشی نێوانيان، ڕەخنەی توندیش لەئاژانستی وزەی ئەتۆمی دەگرێت و دەڵێت، نابێت کەس سەرسام بێت بەلێدوانەکانی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، چونکە ئەو بەردەوام دەستەواژەیەکی دوبارە دەکاتەوە بەبێ ئەوەی ڕاستییەکان لەبەرچاو بگرێت.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمریکا بەشێوەیەکی تاکلایەنە لەرێککەوتنی ئەتۆمی 2015 کشایەوەو لەم ساڵەشدا لەکاتی دانوستانەکاندا دەستدرێژی سەربازی کردوەتە سەر ئێران، بۆیە سەرنەکەوتنی پڕۆسەی دیپلۆماسی بۆ رەفتارە خراپەکانی ئەمریکاو هەڵەی دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە و جەختیش دەكاتەوە، كە"پێویست ناكات كشانەوە لەڕێككەوتنەكە بكاتە بڕیارێكی هاوبەشی نێوانمان".
بەقایی وتیشی،"پێویستە خەڵکی ئەمریکاو جیهان لەدەسەڵاتدارانی واشنتۆن بپرسن چ تاوانێکیان ئەنجامداوە".
ئەوەشی دوپاتكردەوە، كە نابێت کەس سەرسام بێت بەلێدوانەکانی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، چونکە ئەو بەردەوام دەستەواژەیەکی دوبارە دەکاتەوە بەبێ ئەوەی ڕاستییەکانی سەر زەوی لەبەرچاو بگرێت.
جەختیشی کردەوە، دەبێت ئەو کەسانەی تاوان دەکەن دژ بەئێران و ئێرانییەکان، لەدادگا نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت دادگاکانی ئەمریکاش دادگایی بکرێن و سزا بدرێن.