شارپرێس:
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دوێنێ سێشەممە کاری ئەو دەستە سەرۆکایەتییەی ڕاگرت کە ڕاسپێردرابوو بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئینتەرنێت، ئەمەش دوای ئەوەی جێگری سەرۆک کۆمار محەمەد ڕەزا عارف ڕایگەیاندبوو حکومەت یەکەم هەنگاوی بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکە ناوە کە لە کۆتایی شوباتەوە بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بە تەواوی پچڕابوو.
عارف لە تۆڕی ئێکس ئاماژەی بەوە کردبوو کە داواکاری ئێرانییەکان بۆ دەستڕاگەیشتنی ئازاد بە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت جێبەجێ دەکرێت.
لای خۆیەوە، ڕێکخراوی ناحکوومیی "نێت بلۆکس"ی تایبەتمەند بە ئاسایشی سیبرانی ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی 88ـەمی پچڕانەکەدا، ئینتەرنێت بەشێكی گەڕاوەتەوە، ئەمەش دوای 2093 کاتژمێر لە دابڕانی تەواو کە بە درێژترین بڕینی نیشتمانیی لە مێژووی نوێدا دادەنرێت.
هەروەک ئاژانسی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری هۆکاری ڕاگرتنی بڕیارەکەی بۆ بوونی سکاڵا گەڕاندەوە، بێئەوەی هیچ وردەکارییەکی تر باس بکات.
ئینتەرنێتی نێودەوڵەتیی لە کانوونی دووەم بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە پچڕا و لە 28ی شوباتیشدا بەهۆی هێرشەکانەوە بە تەواوی ڕاگیرا و تەنیا تۆڕی ناوخۆیی بەردەست بوو.
مەسعوود پزیشکیان بەهۆی ئەم دۆخەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بۆتەوە، چونکە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ئازادیی ئینتەرنێت دروشمی سەرەکیی ئەو و هاوپەیمانەکەی محەمەد جەواد زەریف بوو.