شارپرێس:
بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییە هەرێمییەکان، ناکۆکیی ناوخۆیی سەرکردایەتیی ئێران و بەتایبەت هەڵوێستی ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران، بۆتە ڕێگرێکی سەرەکیی لەبەردەم گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی سەرەتایی لەگەڵ ئەمریکا، لە کاتێکدا دانوستانەکان هاوشانی گوشارە دەریاییەکانی واشنتۆن بەردەوامن.
ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هیۆم" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردۆتەوە کە بێمتمانەیی قووڵ ڕێگرە لە هەر پێشکەوتنێک، بە جۆرێک بەرپرسانی ئێران پێیان وایە ئەمریکا خۆی دووچارى دابەشبوونی ناوخۆیی بووە؛ چونکە ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ تیمی دانوستانکاری ئەمریکی بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف کراون، دواتر لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی وەک مارکۆ ڕۆبیۆ و بێت هیگسێت ڕەتکراونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمریکاش ناڕەزایەتیی بەرامبەر ناکۆکییەکانی تاران هەیە، بەو پێیەی هەرچییەک لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت، لەلایەن کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکانی وەک ئەحمەد وەحیدییەوە ڕەتدەکرێتەوە.
وەحیدی دوای کوژرانی محەممەد باکپوور لە هێرشەکانی ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا، بوو بە فەرماندەی سوپای پاسداران.
لەژێر کاریگەریی ڕەخنە ناوخۆییەکاندا، ترەمپ داوای بەرزکردنەوەی ئاستی مەرجەکانی ئەمریکای کردووە، لەوانەش پابەندبوونی توند بە دۆسیەی ئەتۆمی و
کردنەوەی تەواوی گەرووی هورمز بەبێ هیچ سنووردارکردنێک.
هاوکات لە دەوحە دانوستان لەسەر پارە بلۆککراوەکانی ئێران بە بەشداریی عێراقچی، محەممەد باقر قالیباف و عەبدولناسر هەمەتی بەڕێوەچوو.
سەرەتا تاران چاودێریی نێودەوڵەتی بۆ پارەکان ڕەتکردەوە، بەڵام دواتر میدیاکانی ئێران باسیان لە پێشکەوتنی ڕێژەیی و ئەگەری ئازادکردنی بەشێک لە پارەکان کرد دوای واژۆکردنی لێکتێگەیشتن، هەرچەندە واشنتۆن دەڵێت پێشکەوتنەکە سنووردارە.
لە ئێستادا پێشبینی دەکرێت گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران هاوتەریب لەگەڵ کەناڵەکانی دانوستان بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی تاران کەمترین مەرجەکانی ئەمریکا قبوڵ دەکات.