شارپرێس:
ئیسرائیل ئاشكرایكرد، فەرماندەی باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس، لەئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سوپاو دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل لەناوەندی شاری غەززە کوژرا.
سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی (شاباک) لەڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا، ڕایانگەیاند، محەممەد عۆدە، فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماس لەغەززە کراوەتە ئامانج و کوژراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، "عۆدە تەنیا دوو هەفتە بوو پۆستی فەرماندەیی باڵی سەربازیی وەرگرتبوو. ئۆپەراسیۆنەکە لەرێگەی هێرش بۆ سەر چەند باڵەخانەیەک لەناو شاری غەززەکراوە. ئەم شوێنانە وەک حەشارگە بەکار دەهێنران".
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکە دوای چاودێرییەکی وردی هەواڵگری بۆ ماوەی چەند مانگێک هات.
هاوکات شوقەیەکی تەنیشت حەشارگەکەش کرایە ئامانج. لەو شوقەیەدا یەکێک لەبەشداربوانی هێرشی 7ی ئۆکتۆبەر هەبوو، ناوی لە لیستی یاریدەدەرە نزیکەکانی عۆدەدا بوو.
باس لەوەش کراوە "ئەم فەرماندەیە پێشتر بەرپرسی هەواڵگریی بزوتنەوەکە بوە. ئەرکی داڕشتنی پلان و هەماهەنگی ئامانجەکانی هێرشی 7ی ئۆکتۆبەری لەئەستۆ بوە".
ئیسرائیل، عۆدە بە یەکێک لەدواین سەرکردە باڵاکانی باڵی سەربازی دادەنێت سەرپەرشتی شەڕی دژی هێزەکانی ئیسرائیلی کردوە.
سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕو، کوژرانی محەممەد عۆدە گورزێکی گەورەیە بۆ هەوڵەکانی بنیاتنانەوەی هێزە سەربازییەکانی حەماس.
