شارپرێس:
سەرۆكی ئەنجومەنی كارگەكانی غاز لەسلێمانی داوا لەهاوڵاتیان دەكات لەڕِۆژانی جەژندا غاز بەگران نەكڕن و دەڵێت،" غازی پێویست دراوەتە بریكارەكان و دەتوانن لەڕێگەیانەوە غازی پێویستان دەسكەوێت".
کۆچەر تاهیر، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگەکانی غاز لەسلێمانی ڕایگەیاند، ڕۆژی عەرەفە 12 کارگەی غاز بەتەواوی توانایانەوە کاریان کردوەو توانیویانە زیاتر لە 20 هەزار بوتڵ غاز بەسەر بریکارەکاندا دابەش بکەن و بیخەنە بازاڕەوە.
ئاشکراشیکرد کە کارگەکان و بریکارەکانی دابەشکردنی غاز لەسێ ڕۆژی یەکەمی جەژنی قورباندا کار ناکەن و بوتڵی غاز ناگەڕێننەوە ناو گەڕەکەکان و دەڵێت، تەنیا بریكاری ناو گۆڵانەكان واتە غازفرۆشەكان غازی پێویستیان هەیەو دەتوانن هاوڵاتیان پەیوەندیان پێوەبكەن.
سەرۆکی ئەنجومەنی کارگەکان دڵنیایی دایە خاوەن چێشتخانە، هۆتێل، فڕن و نانەواخانەکان کە لەڕۆژانی جەژندا کراوەن و پێویستیان بەغازە، جەختی لەوە کردەوە کە تەواوی بریکارەکانیان ڕاسپاردووە بڕی پێویست و زیادە لەبوتڵی غازیان بۆ دابین بکەن تا لەڕۆژانی جەژندا توشی هیچ گرفتێک نەبن و بێ غاز نەمێننەوە.