ئیتاڵیا پێشوازیی لەعەبدی دەکات‌و داوای دانپێدانانی فەرمی بەمافەکانی گه‌لى کورد دەکات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 259 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپێشهاتێکی سیاسیی کەموێندا کە پێگەی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەر له‌ڕۆژئاواى كوردستان بەهێزتر دەکات، دەسەڵاتدارانی فەرمیی ئیتاڵیا پێشوازییان لەژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کردو پشتگیریی ڕەهای خۆیان بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد لەسوریادا دەربڕیی.

 

تۆماسۆ سان سۆنێ کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا له‌هه‌رێمى كوردستان لەپەیامێکی فەرمیدا نوسیویه‌تى، "خۆشحاڵم کە پێشوازیم لەفەرماندە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی کوردی ڕۆژئاوا لەسوریا دەکەم".

چاودێرانى سیاسیش پێیانوایه‌، ئەم پێشوازییە ڕاستەوخۆیە وەک ئاماژەیەکی ڕون لەلایەن وڵاتێکی گرنگی یەکێتیی ئەوروپاوە دەبینرێت بۆ ناساندنی پێگەی سیاسیی‌و سەربازیی هەسەدە لەهاوکێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هه‌روه‌ك كونسوڵه‌كه‌ى ئیتاڵیا لەڕێگەی ئەم پێشوازییەوە نەخشەڕێگه‌ی خۆی بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا خستەڕوو کە تێیدا هاتوە، "ڕۆما پاڵپشتیی تەواوی ئەو گفتوگۆیانە دەکات کە ئامانجیان بونیادنانی سوریایەکی دیموکرات، سەقامگیرو یەکگرتوە، جەخت لەسەر گەرەنتیی ناساندنی تەواوەتی‌و ڕێزگرتن لەمافەکانی گەلی کوردو سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی‌و ئایینییەکانی دیكه‌ى سوریا ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئەم هەڵوێستە ڕەخنەیەکی ناڕاستەوخۆیە لەسیاسەتەکانی دیمەشق‌و تاران کە دەیانەوێت مافەکانی پێکهاتەکان پشتگوێبخەن".

چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، دەرکەوتنی مەزڵوم عەبدی لەپایتەختی هه‌رێمى كوردستان‌و كۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى وڵاتێکی ئەوروپی‌و وەرگرتنی پشتگیریی فەرمی لەسەر پرسی دانپێدانانی مافەکان، گورزێکی دیپلۆماسیی بەهێزە لەهەوڵەکانی تورکیاو حکومەتی سوریا کە دەیانەوێت ڕەوایەتی لەکایەی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان وەربگرنەوە، ئەم هەنگاوەش ئاسۆیەکی نوێ بەڕوی دۆزی کورددا لەناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەوروپادا واڵادەکات.