سزای لەسێدارەدان بۆ بەشار ئەسەدو چەندین سەرکردەی تری بەعسی سوریا دەرچوو

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 135 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دادگای باڵای تاوانەکان لە دیمەشق، لە بڕیارێکی بێپێشینەدا، ئەمرۆ سێشەممە سزای لەسێدارەدانی بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆکی لەکارلادراوی سووریا دەرکرد.

 
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ئەسەد و خێزانەکەی لە مانگی 12ی ساڵی 2024دا، دوای ڕووخانی ڕژێمەکەیان، بەرەو ڕووسیا هەڵاتوون و ئێستا لە مۆسکۆ نیشتەجێن. ئەمە یەکەمین سزایە کە لەلایەن دەسەڵاتی گوێزەرەوەی سوریا دژ بە سەرانی ڕژێمی پێشوو دەردەچێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەخرەدین عەریان، سەرۆکی دادگای تاوانەکانی چوارەم، بەشار ئەسەد بە ئەنجامدانی "تاوانی جەنگ" و "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" تۆمەتبار کراوە. لە لیستی تۆمەتەکاندا هاتووە کە ناوبراو بەرپرسیارە لە کوشتنی بەئەنقەستی هاووڵاتییان، کوشتنی منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ و ئەنجامدانی ئەشکەنجەی دڕندانە کە بۆتە هۆی گیانلەدەستدانی زیندانیان. دادگا جەختی کردۆتەوە کە ئەم کردەوانە پێشێلکارییەکی زەق و گەورەی مافەکانی مرۆڤن.

جگە لە ئەسەد، سزای لەسێدارەدان بۆ 6 بەرپرسی تری سەربازیی و ئەمنیی دەرچووە، لەوانە ماهر ئەسەد، برای سەرۆک و فەرماندەی پێشووی فیرقەی چوار، و فەهد جاسم فەریج، وەزیری پێشووی بەرگری، هەروەها عاتیف نەجیب، بەرپرسی پێشووی ئاسایشی سیاسی لە دەرعا، کە ئێستا لە زینداندایە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.

نەجیب بەوە تۆمەتبارە کە لە ساڵی 2011دا فەرمانی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی ئەو منداڵانەی دابوو کە دروشمی دژ بە ڕژێمیان لەسەر دیوارەکان نووسیبوو، کە ئەوەش ببووە پریشکی دەستپێکی شۆڕشی سووریا.

دادگاییکردنی سەرانی ڕژێمی پێشوو لە مانگی 4ی ئەمساڵەوە بە شێوەی ئاشکرا دەستی پێکردووە و دەسەڵاتە نوێیەکانی سووریا بەڵێنیان داوە کە هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە خوێنی هاووڵاتییاندا هەبووە ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە.

 ئەم هەنگاوە لەلایەن چالاکوانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەک سەرەتایەکی گرنگ بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەو نیو ملیۆن کەسە دەبینرێت کە لە ماوەی 13 ساڵی شەڕی ناوخۆدا گیانیان لەدەستداوە.