شارپرێس:
لەپێشهاتێکی گرنگدا بۆ پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، سەرجەم پێکهاتە ئاینییەکانی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی بەپەلەیان بڵاوکردەوە، ئەم هەڵوێستە دوای بڵاوبونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی دێت کە تێیدا بەئاشکرا مامۆستایهكى ئایینى لهڕۆژههڵاتى كوردستان، هەڕەشە لهئێزدیهكان دهكاتو هانی خهڵكى دهدات لهدژی كوردانى ئێزدى.
بڵاوبونەوەی گوتاری ڕقو کینە لەفەزای دیجیتاڵیدا، بوەتە مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی، چاودێرانیش پێیانوایە، ئەم ڕاگەیەندراوە هاوبەشە پەیامێکی سیاسییو کۆمەڵایەتی قووڵە؛ نیشانیدەدات کە پاراستنی پێگەی فرەکولتوری لهههرێم هێڵی سورە، ئەم یەکگرتوییەش بهگۆڕانکارییەکی ستراتیژیی دهزانن لەبەرەنگاربونەوەی بەکۆمەڵی توندڕەویداو هۆشدارییەکیشە کە ڕێگریکردن لەگوتاری توندڕەوی ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەسەقامگیریی فەرمی هەرێمەکەوە.
بۆ یەکەمجار، نوێنەرانی سەرجەم ئایینو مەزهەبەکانی سنورەکە پێکەوە وەستان، کە پێکهاتون لە(موسڵمانانی سوننەو شیعەو مەزهەبەکانیان، مەسیحییەکان، کاکەییەکانو بارەگای یارسان، زەردەشتییەکان، سابئی مەندائییەکانو ئێزدییەکان).
پێکهاتە ئاینییەکان بەتوندی هەر جۆرە هەڕەشە، جیاکارییو زمانی ڕقو کینەیان ڕەتکردەوەو ڕایانگەیاند، "هیچ دەنگێكى توندڕەو ناتوانێت نوێنەرایەتی ڕۆحی ڕاستەقینەی ئایین بکات، چونکە بنەمای گشتیی سەرجەم ئایینەکان، بریتییە لەمرۆڤایەتیو ئاشتیی، بەکارهێنانی ناوی ئایین بۆ کوشتن، بەزیانێکی گەورە بۆ سەر خودی ئایینەکە لەقەڵەمدرا".
ڕاگەیەندراوەکە چەند داواکارییەکی ڕونی ئاڕاستەی لایەنە بەرپرسەکان کردوە دهڵێت، "پێویستە وەزارەتی ئەوقاف بەجدی لەگەڵ ئەمجۆرە پەیامە توندڕەوانە مامەڵە بکاتو دەسەڵاتدارانی هەرێمو عێراقیش لێپرسینەوەی توندو یاسایی لەگەڵ هەر کەسێک بکات کە هاندانی توندوتیژیىو کوشتن دهدات، داواش لەڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دهكهین لەناوخۆو ئاستی جیهانیدا، دژی ئەم پێشێلکارییانە بوەستنەوە".
لەکۆتاییدا، داوا لەهاوڵاتیان کراوە، بەهۆشیارییەوە مامەڵە بکەنو تکایان لێکراوە، لەبڵاوکردنەوە یان دوبارە هاوبەشکردنی ئەو ڤیدیۆ توندوتیژانە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆیان بپارێزن، چونکە گواستنەوەی ئەو ناواخنانە زیانی زیاتر بەئارامی گشتیی دەگەیەنێت، جەختیشکراوهتهوه، "جیاوازییەکان هێزی کۆمەڵگەن نەک هۆکاری دابڕان".
