شارپرێس:
لەپێشهاتێکی سیاسی و ئەمنی بەرچاو لەعێراق، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراویدا بۆ بەغدا، هێڵی سووری لەسەر ڕادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان بۆ حکومەتی عێراق کێشا، لەهەمان کاتدا هۆشیدارییدا لەڕودانی هەر پێکدادانێکی چەکداریی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، قائانی لەگەڵ سەرکردەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و فەرماندەی گرووپە چەکدارەکان کۆبۆتەوە. لە وەڵامی پرسیاری سەرکردەی گرووپەکاندا سەبارەت بە هەڵوێستی تاران لە پرسی ڕادەستکردنی چەک، قائانی ڕاشکاوانە بڕیاری ڕادەستکردنی چەکی لە قۆناغی ئێستادا ڕەتکردۆتەوە.
ئەوەش هاتوە، هاوکات فەرماندەی فەیلەقی قودس هۆشدارییداوە کە لەحاڵەتی بەکارهێنانی هێز لەلایەن حکومەتەوە، نەچنە ناو ڕوبەڕوبونەوەی چەکدارییەوە، چونکە پێکدادان دەرگا بۆ قەیرانێکی ناوخۆیی بەربڵاوتر دەکاتەوە.
پەیامی تاران جەختکردنەوە بوە لەسەر بەکارهێنانی گوشاری سیاسیی بەرامبەر حکومەت بۆ گەیشتن بەسازانێک کە ڕێگە لەدەستبەسەرداگرتنی چەک بگرێت، بەبێ ئەوەی گروپەکان بەشێوەیەکی ئارەزومەندانە چەکەکانیان ڕادەست بکەن.
ئەم جوڵەیەی فەرماندەی فەیلەقی قودس لەکاتێکدایە کە حکومەتی عێراق جدییە لەسەر کۆنترۆڵکنی چەک لەدەستی دەوڵەتداو وادەی 30ی ئەیلول دیاریکراوە وەک دوا مۆڵەت. جگە لەپرسی چەک، دانوستانەکانی قائانی ڕێگەدان بەعێراق بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەروی هورمزەوە لەسایەی گرژییەکانی ناوچەکەی گرتۆتەوە.