شارپرێس:
فەرماندەی هێزی دەریایی ئیسرائیل، لیوا ئییال هاڕئێل، پەیامێکی هۆشداریی ئاڕاستەی تورکیا کردوە لەپاشخانی گرژییە گەشەسەندوەکانی پەیوەست بەهەوڵەکانی تورکیا بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لەڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، هەروەک جەختی کردۆتەوە کە ئیسرائیل لەنزیکەوە بەدوادواچون بۆ پێشهات و جووڵە دەریاییەکانی ناوچەکە دەکات.
هەڕئێل لەلێدوانێکدا کە میدیاکانی ئیسرائیل گواستویانەتەوە ڕایگەیاند،"بۆ ئەوانەی هەوڵی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لەدەریای ناوەڕاستدا دەدەن دەڵێم، ئێمە دەبینین، بەدوادواچون دەکەین و ئامادەکاریی دەکەین، لەهەموو شوێنێک دەبین، بەئاشکراو بەنهێنیی".
ئەم لێدوانانە بەهۆی هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیادا دێن سەبارەت بەگەشەسەندنی ئامادەیی تورکیا لەناوچەکەدا، بەتایبەت پێشهاتەکانی پەیوەست بەسوریاو بڵاوبونەوەی سەربازیی لەڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بەوە کردوە کە هێزی دەریایی ئیسرائیل ئامادەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر گۆڕانکارییەک کە بێتە هۆی هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی.
لەبەرامبەردا، ئیسرائیل هەوڵی بەهێزکردنی هاوکاریی دەریایی لەگەڵ یۆنان و قوبرس دەدات. ئەم هەڵوێستەی هەڕئێل ڕەنگدانەوەی توندبونی ئیسرائیلە بەرامبەر هەر جوڵەیەکی تورکیا کە ڕێساکانی یارییەکە بگۆڕێت.