ئەمریکا لەڕێگەی باڵیۆزە نوێیەکەی لەبەغدا دەیەوێت بزانێت تا چەند حکومەتی عێراق توانای جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی هەیە کە داوێتی سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە و دەیەوێت لە ڕێی رێڕەوێکی دامەزراوەیی و یاساییەوە بێت نەک تەنها تێگەیشتنێکی سیاسی لەگەڵ هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی عەرەبی جەدید، ستێفن فاگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری نوێی ئەمریکا لە بەغدا کۆمەڵێک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیی ئەنجامداوە و پوختەی پەیامی واشنتۆنی بۆ عێراق گەیاندووە کە بریتییە لە: واشنتۆن بە وردی چاودێری سروشتی مامەڵە دارایی و ئابورییەکانی عێراق لەگەڵ تاران دەکات
هاوکات واشنتۆن نایەوێت خاک یان دامەزراوەکانی عێراق ببنە رێگەیەک بۆ دەربازبوونى ئێران لە سزا سەپێنراوەكانی ئەمریكا، جگە دەیەوێت رێکاری فراوانتر و جددیتر لە روبەڕوبونەوەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی ببێنێ و پرۆسەكە لە فەرمانبەرە پلە نزمەکاندا کورت نەبێتەوە.
لەبارەی کۆبوونەوەی فاگن لەگەڵ عەلی زەیدی، بەپێی سەرچاوەکان، رەهەندێکی سیاسی و ئەمنی فراوانتری هەبووە؛ چونکە واشنتن هێشتا بە ئەرێنییەوە دەڕوانێتە حکومەتەکەی زەیدی و پشتیوانی لە سەقامگیریی دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا خوازیاری هەنگاوی کردارییە لە چەند دۆسیەیەکدا کە بە بنەڕەتییان دەزانێت بۆ بەردەوامبوونی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات.
