پارێزەرانی سلێمانی داوایەك ئاڕاستەی داواكاری گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 363 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارێزەرانی سلێمانی لەبڵاوكراوەیەكدا كەئاڕاستەی سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی و سەرۆكی فەمانگەی داواكاری گشتی و سەندیكای پارێزەران كراوە داوا دەكەن سكاڵاكارو تۆمەتبار لەهەر پلەو پۆستێكدا بن پێویستە دادگایكردنەكەیان ئاسایی بێت و دەڵێن، ناكرێت تەواوی دادگايی بۆ تەرخانبكرێت.


پارێزەرانی سلێمانی لەبڵاوكراوەكەدا ئاماژە بەوە دەدەن، كە" دادگا شوێنی چەسپاندنی دادپەروەری و یەکلاکردنەوەی کێشەکان و گەڕانەوەی مافە بۆ ماف خوراوانک و سەپاندنی سزا بۆ هەر سەرپێچیکارێکی یاسا".

دەشڵێن، لەکاتی ئێستادا دۆسیەی دوو هاوڵاتی حیزبێک لەدادگای سلێمانیدا هەموو قۆناغی دادگایی کردن تێایدا بەردەوامە بەڵام ڕۆژانی دادگایی کردن و بینینی ئەم دۆسیەیە دەبێتە ڕۆژێکی نائاسایی بەهۆی ناردنی هێزێکی زۆری چەکدارو بەسەربازگە کردنی دادگا، ڕێگریکردن لەهاتنە ژورەوەی هاوڵاتیان (بەوانەشەوە کە ئەو ڕۆژە ڕۆژی دادبینیەکاتیانە سکاڵاکار بن یا سکاڵالێکراو)، ئەمە جگە لەڕێگریکردن لەپارێزەرانیش بۆ بینینی داواکانیان.

جەختیش دەكەنەوە، كە ئەمە بەدەر لەوەی مامەڵەیەکی نایاساییەو بێڕێزیکردنه بەرامبەر دادوەران و پارێزەران و خودی سەربەخۆیی دادگاکان، لەهەمان کاتدا هۆکارە بۆ ستەم و نادادپەروەرییەکی ئیجگار زۆر لەبەر ئەوەی ڕونە ڕەنگە هەمان ڕۆژ منداڵێکی بێ بژێوی داوایەکی تایبەت بەبژێویان هەبێ کە مانگێک زیاتر داواکانیان دوادەکەوێت یاخود شاهده‌ك ئامادەی دادگاییەکە بوشاهدی دانێک ناچاربێت بگەڕێتەوەو جارێکی تر نایەتەوە بوشایەتی و مافی کەسێک لەدەس بچێت یان تۆمەتبارێک ڕاگیراو نەتوانرێ کاری بۆبکرێت و ماوەی ڕاگرتنی درێژبکرێتەوە کە لەبنەڕەتدا بێتاوان بێت یان کەسێک بەنەخۆشی و بێدەرامەتی لەشارو شارۆچکەکانی دەرەوەی سلێمانیەوە بێت و بێ هیچ هۆکارێک بگەڕێنرێتەوە و زۆرێک بابەتی تر.

وەک پارێزەرانی سلێمانی داواکارن هەر یەك لەو لایەنانە هەڵوێستی جدییتان هەبێت لەپێناو پاراستنی شکۆی دادگاو سەروەری یاسا ، سکاڵاکارو تۆمەتبار لەهەر کەسێکدا هه‌ر کێ بن و پلە و ئاستیان هەرچی بێت ناکرێت تەواوی دادگا لەڕۆژی دادبینیاندا پەکبخرێت.

ئەوەش دوپاتدەكەنەوە، كە داواکارن ڕێگری لەو بابەتە بکرێت لەدوبارەبونەوەی و ڕێوشوێنی تر بگیڕێتە بەر دور لەبێڕێزیکردن بهپارێزەران و هاوڵاتیانی ئەم شاره ، دادگا موڵکی تایبەتی هیچ کەس و لایەنێک نیە.