عەلی باپیر پارتی نیگەران دەكات
راگەیاندنەكانی پارتی دەستیان بەهەڵمەتێك كردووە

کوردستان

17/01/2016‌ 3069 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بەچەند قسەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان نیگەران دەكات، لەبەرانبەردا راگەیاندنەكانی پارتی دەستیان بەهێرش بۆ سەر ناوبراو كردووە.

عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دوێنێ‌ شەممە لەوتارێكدا بەرپرسیارییەتی خراپی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستانی خستە ئەستۆی مەسعود بارزانی‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، كە ئەو قسانەی نیگەرانی پارتی بەدواوە هات.

لەئێستادا میدیاكانی پارتی وەك نیگەرانی‌و كاردانەوەی ئەو قسانە دەستیان بەهێرشكردن كردووە بۆ سەر عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، كە رەخنەی توند لەناوبراو دەگرن.

سایتی فەرمی مەكتەبی رێكخستنی پارتی لەدرێژەی نیگەرانی‌و كاردانەوەكان، چەند وتارو راپۆرتێكی لەسەر عەلی باپیر بڵاوكردووەتەوە، كە تێدا هێرشی توند دەكاتە سەر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی.

هەروەها بەشێكی زۆر لەراگەیاندنەكانی پارتی، بەتایبەتی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستیان بەهێرشكردنە سەر عەلی باپیر كردووەو رەخنەی توند لەسیاسەتەكانی دەگرن.
      
عەلی باپیر لەیەكەم كۆنگرەی رێكخراوی لاوانی سەر بەحیزبەكەی لەشاری سلێمانی وتارێكی پێشكەشكردو وتیشی: زۆر دەترسم لەئایندەی ئەم هەرێمە، كە سەرەنجام ئەو ئایەتە قورئانییەمان بەسەردا بچەسپێت، "بەوەی بەدەستی خۆیان ماڵی خۆیان وێران دەكەن".

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی وتیشی: بۆ چارەسەریی كێشەكان پێویستە پارتی دیموكراتی كوردستان‌و مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی، كە سەرۆكی گەورەترین حیزبە چ وەك سەنگ‌و پێگە‌و دەسەڵات‌و نفوز هەنگاوی یەكەم بنێن، دواتر یەكێتی‌و پاشان گۆڕان‌و یەكگرتوو دواتر كۆمەڵ هەریەك بەپێی سەنگی خۆی دەبێت هەنگاو بنێین‌و بێینەدەر لە كەوڵی تەسكی حزبایەتی‌و بەرژەوەندی بچووك بۆ فەزای فراوانی خەڵك‌و وڵات‌و ئایندە دیتن بەتایبەت كە ئێستا دنیا بەرەو دابەشبوونێكی تر دەچێت‌و رۆژهەڵات‌و رۆژئاوا هاتوونەتە گۆڕێ‌.

هــ . خ