گۆڕان دوو بڕیار لەبارەی یەكێتییەوە دەردەكات

کوردستان

17/01/2016‌ 4568 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بزووتنەوەی گۆڕان دوو بڕیار لەبارەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەردەكات، كە پەیوەستە بەپەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حیزب.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ناو بزووتنەوەی گۆڕان دەست شارپرێس كەوتووە، بڕیاری یەكەمی گۆڕان بریتییە لەوەی، كە یەكێتی سەربەست كردووە لەچۆنییەتی ماڵەمەڵكردنی لەگەڵ لایەنەكانی تر، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان.

لەهەمان كاتدا بەرپرسانی گۆڕان بە بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانیان وتووە، "ئێمە سوورین لەسەر گۆڕینی سیاسی هەرێمی كوردستان لەسەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی، هەركاتێكیش ئامادەیی هەبوو بۆ گۆڕینی سیستەمەكە كاری پێكەوەیی دەكەن بۆ ئەو مەبەستە".

بەوتەی سەرچاوەكە، بڕیاری دووەمی گۆڕان ئەوەیە، هاوسەنگی دەپارێزێت لەپەیوەندییەكانی لەنێوان باڵەكانی جیاكانی یەكێتی، ئەگەر بۆشی بكرێت رۆڵی نێوەنگیری دەگێرێت لەچارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی‌و باڵە ناكۆكەكان.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، كە گۆڕان پێیوایە یەكڕیزی ناو یەكێتی گرنگی زۆری هەیە بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان‌و ناو یەكێتی نیشتمانی خۆشی.

ئەمە لەكاتێكدایە ماوەیەكە ساردی لەپەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی دروستبووە، ئەوەش بەهۆی نزیكبوونەوەی یەكێتی لەپارتی دیموكراتی كوردستان.

هــ . ح