كۆسرەت رەسوڵ‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد داوای یەكێتی ناو یەكێتی دەكەن

کوردستان

24/01/2016‌ 1667 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەریەكە لە جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد داوای پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی دەكەن.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی بە ئامادەبوونی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد‌و مەلا بەختیار‌و ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد لێپرسراوی میحوەرەكانی شەڕی دژی داعشی كرد‌و تیایدا رایگەیاند" ئێوەی هێزی پێشمەرگە، رون و ئاشكرایە، كە رۆڵی قارەمانانەتان هەبووە لەمێژووی شۆڕشی نوێو یەكێتیی نیشتمانی كوردستاندا".

لەكۆبوونەوەكەدا كۆسرەت رەسوڵ وتیشی"هەروەك چۆن ئێوەی پێشمەرگە، هەمیشە یەكڕیزی و بەهێزی سەنگەرەكانتان پاراستووە، بەهەمانشێوە یەكڕیزیی و تەبایی هەڤاڵانەی یەكێتیی ناو یەكێتیش بپارێزن و هۆكاری سەرەكیش بن، بۆ چارەسەری هەر گرفتو كێشەیەك ئەگەر هەبێ".

جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی جەختیشیكردوەتەوە كە پاراستنی یەكێتیی ناو یەكێتیی و گەشەپێدانیشی ئەركی مێژوویی و لێپرسراوێتی هەموویانە.

لای خۆشییەوە مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوە شەرعییەكانی یەكێتیی، بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامی كۆنگرە بەگرنگ و پێویستی ئێستای هەلومەرجەكە  ناوبردو ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە یەكێتیی مەرجەعێكی هەیەو لەكۆنگرە هەڵبژێردراوەو باڵاترین دەسەڵاتی یەكێتییە.


لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، راشیگەیاند "بەیەكگرتوویی یەكێتیی دەتوانین هەلەكان بقۆزینەوە، ئەگەر نەشتوانین، ئەوا باقەرزاربار نەبین، چونكە ئەگەر پیلانگێڕدرا، ئەوا دەگێڕدرێت و دەبێ بشزانین بەرژەوەندی دەوڵەتان، بە بەرژوەندی بچوكی میلـلەتان ناگۆڕدرێتەوە".

مەلا بەختیار هیوای خواست كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی دەست پێ بكەنەوە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە‌وبەرنامەی حزبەكەی.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاندوە كە لەپاراستنی یەكێتیی ناو یەكێتیی، لەگەشەپێدانی یەكڕیزیی و گیانی تەبایی هەڤاڵانەی یەكێتیی.

ئەمە دووەم كۆبوونەوەیە كە لەدوای چەند مانگ بەڕێوە بچێت كە كۆسرەت رەسوڵ‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئامادە بن،ئەوەش لەكاتێكدایە كە كێشەكانی ئەو حزبە قوڵتر بوونەتەوە.
س.هـ