یەكێتی لەسەر ئاستی باڵا بەشداری كۆبوونەوەكەی بارزانی دەكات

کوردستان

25/01/2016‌ 1199 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێپرسراوی سكرتارییەتی كاروباری مەكتەبی سیاسی رایگەیاند ئەو شاندەی یەكێتی، كە بەشداری كۆبوونەوەی لایەنەكان لەگەڵ مەسعود بارزانی دەكات لەسەر ئاستی باڵایە.

بڵێسە جەبار فەرمان لێپرسراوی سكرتارییەتی كاروباری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەپێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاندووە "دوای  ئەوەی لەلایەن مەسعود بارزانییەوە بانگهێشتی لایەنەكان كرا بۆ مەبەستی كۆبوونەوە، یەكێتی بەرەسمی بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە دەكات".

بڵێسە جەبار فەرمان راشیگەیاندووە "وەفدەكەی یەكێتی پێكهاتوون لەمەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی‌و حاكم قادر حەمەجان كارگێڕی مەكتەبی سیاسی‌و عومەر فەتاح كارگێڕی مەكتەبی سیاسی‌و سەعدی ئەحمەد پیرە لێپرسراوی پەیوەندییەكان".

ناوبراو ئەوەشی رایگەیاندووە، یەكێتی وەك نەریتێكی هەمیشەیی ئامادەیە لەگەڵ هەر لایەن‌و كەسایەتییەك كۆببێتەوە، بەمەبەستی دەربازبوونی ئەو بارودۆخەی، كە لەئێستادا هەرێمی كوردستانی تێكەتووە.

بڕیارە سبەی سێ‌ شەممە مەسعود بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بۆ تاوتوێكردنی كێشەكان‌و چەند پرسێكی تر كۆببێتەوە.

هـ . ح