پارتی داوای هەڵدانەوەی "پەڕەیەكی نوێ‌" لەگۆڕان دەكات

کوردستان

04/02/2016‌ 3207 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان داوای هەڵدانەوەی "پەڕەیەكی نوێ‌" لەبزووتنەوەی گۆڕان لەپەیوەندییەكانی نێوانیان دەكات‌و لەسەرجەم هەڵوێستە توندەكانیشی بەرانبەر ئەو بزووتنەوەیە پاشەكشە دەكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی تایبەت دەست شارپرێس كەوتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان هەستی بەوە كردووە، كە ئەو پەیوەندییەی لەماوەی رابردوو لەگەڵ گۆڕان هەیبووە سەركەوتوو نەبووە، بۆیە دەیەوێت كۆتایی بەو پەیوەندییە بهێنرێت‌و "پەڕەیەكی نوێ‌ لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە، بۆ پەیوەندییەكانی نێوانیان هەڵبداتەوە".

هەر بەپێی زانیارییەكان پارتی دەیەوێت لەپەیوەندییە نوێیەكەی گۆڕان میكانیزمی تر بگرێتە بەر بۆ هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە، بۆ نموونە گرتنەبەری میكانیزمی پەیوەندییەكانی نێوان لەیەنە كوردییەكان بەغدا.

بەوتەی سەرچاوەكە، پارتی میكانیزمی پەیوەندی نێوان لایەنە كوردییەكان لەبەغدا بەسەركەوتوو دەزانێت، كە لەسەر بنەمای نەتەوەیی بونیادنراوە، بۆیە دەیەوێت هەمان میكانیزمیش لەهەرێم لەگەڵ گۆڕان پیادەبكات.

شارپرێس لەزاری سەرچاوەكە ئەوەشی زانیوە، كە پارتی لەسەرجەم هەڵوێستە توندەكانی بەرانبەر گۆڕان پاشەكشە دەكات، ئەوەش لەپێناوی ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان.

لەماوەی رابردوودا چەندینجار پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان‌و پارتی هەڵكشان‌و داكشانی بەخۆیەوە بینیوە، لەدوایجاریشدا لەمانگی 10 رابردوو گرژییەكانی نێوانیان گەیشتە لوتكە، كە بەو هۆیەوە رێككەوتنەكانی نێوانیان بۆ پێكهێنانی پەرلەمان‌و حكومەت هەڵوەشایەوە.

هــ . ح