بەپێی راپۆرتی وەزارەتی سامانەسروشتییەكان داهاتی نەوت دیارنییە

کوردستان

14/03/2016‌ 1013 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان راپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی ٢٠١٥ بڵاوكردەوە، كە لەئەنجامی خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی داتاو زانیارییەكانی نێو راپۆرتە ساڵانەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان "رێك داهات دیارنییە".

لەو بارەوە ژووری توێژینەوەی سیاسی، گۆشەی ئابوری خوێندنەوەیەكی بۆ ڕاپۆرتەكە كردووە، بەناونیشانی "خوێندنەوەی شیكاری بۆ راپۆرتی ساڵی 2015ی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان - دیارنەمانی داهات".

دەقی راپۆرتەكە:
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان راپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی ٢٠١٥ بڵاوكردەوە. لە ئەنجامی خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی داتاو زانیارییەكانی نێو راپۆرتە ساڵانەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، چەند خاڵێكیان جێگەی سەرنج‌و لەسەر وەستانە، ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین بەچەند خاڵێك ئاماژە بۆ ئەو خاڵانە بكەین‌و سەرنجی خۆمانیان لەبارەوە بخەینە ڕوو:

1. لە لاپەرەی (9) راپۆرتەكەدا‌ هاتووە كە زیاتر لە (31,404,648) ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو فرۆشراوە بە كڕیارانی ناوخۆ، بەڵام بە هیچ شێوەیەك باس لە‌وە نەكراوە، كە ئەو بڕە نەوته بەچەند فرۆشراوه؟ بە كێ فرۆشراوه؟ یاخود مەبەست چییە لەدەستەواژەی لە‌ ناوخۆدا فرۆشراوە؟ 

ئەمەش وادەكات وەك هەمیشە داهاتەكان شاراوە بێت‌و دەستی حزب ئاوەڵاتربێت لە خەرج كردن‌و بەكارهێنانی ئەو داهاتە.

ئەگەر بەو نرخە، نەوتەكە هەژماربكەین كە هەرێمی كوردستان لە بازارەكانی دەرەوە فرۆشتویەتی كە لە راپۆرتەكە هاتووە (نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاو = 36.75 $)

كەواتا پارەی نەوتی فرۆشراو لە ناوخۆی كوردستان = (31,404,648 بەرمیلx 36.75 $) بەكۆی گشتی دەكاتە = 1,154,120,814 

2. لە لاپەرە (8)ی راپۆرتەكهدا‌ هاتووە كە هەرێمی كوردستان (4,539,088) ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بە رێگەی تەنكەر لە ماوەی یەك ساڵدا هەناردەی دەرەوە كردووە، كە رۆژانە دەكاتە نزیكەی (12,435) بەرمیل.

ئەم خاڵە جێگەی لێ وردبونەوەیە، لێرەدا شیكاریەك دەكەین بۆ ئەوەی بزانین، ئەو چوار ملیۆن بەرمیلە بەرامبەرە بە چەند تەنكەر نەوت لە رۆژێكدا؟

- یەك تەنكەر زیاتر لە (278) بەرمیل نەوتی تێدایه. 

- ژمارەی تەنكەر لە رۆژێكدا = 278 / 12435 واتە 45 تەنكەر لە رۆژێكدا.

- كەواتا بە پێی ئەم راپۆرتە لە هەموو مەرەزەكانی كوردستان رۆژانە (45) تەنكەر دەڕواتە دەرەوه،‌ بەڵام ئەم ژمارەیە‌ دوورە لە راستیەوە، چونكە ژمارەی ئەو تەنكەرانەی كە نەوت هەناردەی دەرەوە دەكەن زۆر لەم ژمارەیە زیاترە، تەنانەت بەپێی زانیاریەكان بەتەنها لەمەرزی پەروێزخان زۆرجار رۆژانە نزكەی (250 تا 300) تەنكەر نەوت رەوانەی دەرەوە دەكرێت.

- بەم جۆرە گومان لەو ژمارەیە دەكرێت، بۆیە پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بە وردی راستیەكان ئاشكرا بكات‌و داتاو زانیارییەكان بخاتە روو، بەو جۆرەی كە ئایا ئەو تەنكەرانە باس كراون، تایبەتن بە وەزارەت یاخود سەر بە حزب و كەسی تایبەتن‌و وەزارەتیش ئاگاداریان نیە. 

3. لە لاپەرە (10)ی راپۆرتەكە هاتووە كە‌ لە ماوەی ساڵێكدا زیاتر لە (36,665,073) ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو دابینكراوە بۆ هەر سێ پاڵاوگەی‌ (تاوكی، كەڵەك و بازیان)، لە دوای پاڵاوتنی ئەو بڕە نەوتە زیاتر لە (23,343,994) ملیۆن بەرمیل بەرهەمە نەوتیەكانمان دەست كەوتووه،‌ وەك (بەنزین، نەوتی سپی، گازوایل، نەفتا، بەنزینی فرۆكە، غازی ماڵان...)، بەڵام بە هیچ شێوەیەك لە راپۆرتەكەدا باس لە داهاتەكانیان‌ نەكراوە،‌ ئەمەش بەشێكە لە ناشەفافی داهاتی نەوت لە ساڵی 2015 دا.

دوای بەدواداچونمان بۆ داهاتی یازدە مانگی ساڵی 2015 لە بەرێوبەرایەتی دابەشكردنی نەوت (سلێمانی، هەولێر، دهۆك، نەوت‌و كانزاكانی كۆیە) كە داهاتەكەی دەنێرێتە بانكی كوردستان لە سەر چوار رەقەم حسابی كە ئەمانەن (سلێمانی 3113309، دهۆك 4263521، هەولێر 5001565، كۆیە 5001566). بۆمان دەركەوت داهاتی ئەو بەرهەمە نەوتیانە دەگاتە زیاتر لە (2,180,178,743,865) ترلیۆن دینار كە دەكاتە زیاتر لە (1,787,029,298) ملیار دۆلار. 

4. لە لاپەرە (11)ی راپۆرتەكەدا‌ هاتووە كە لە ماوەی یەك ساڵدا زیاتر لە (16,410,313) ملیۆن بەرمیل نەوتی رەش كە لە هەر سێ پاڵاوگەكە بەرهەم دەهێنرێت. بەڵام بە هیچ شێوەیەك باسی لە نرخی فرۆشتن‌و هەناردەكردن‌و كڕیاری‌ نەكردووە، كە ئەمیش یەكێكە لە ناشەفافییەكانی داهاتی نەوت، لە ساڵی 2015، بەهەمان شێوەی ساڵانی رابردوو.

5. لە راپۆرتەكەدا‌ هاتووە كە هەرێمی كوردستان زیاتر لە (138,661,190) ملیون بەرمیل لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی كردووە جگە لە نەوتی پارێزگای كەركوك كە ئەوەیش بە دوو قۆناغ:

قۆناغی یەكەم: لە مانگی یەك هەتا 23/6/2015 نەوتی هەناردەكراو یەكسانە بە (58,958,742) ملیۆن بەرمیل، كە لە رێگەی سۆمۆوە هەناردەی دەرەوه ‌كراوە، بەغدادیش لە بری ئەو بڕە نەوتەی كە هەناردەی دەرەوە كراوه،‌ ئەم رێژە پارەی هەناردەی هەرێم كردووە (2,423,826,267) ترلیۆن دینار كە یەكسانە بە (1,986,743,567) ملیار دۆلار. 

قۆناغی دووەم: لە دوای 23/6/2015 هەتا كۆتایی ساڵی 2015 هەرێمی كوردستان بە رێگەی بۆری بڕی (79,706,354) ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی دەرەوە كردوه،‌ لەگەڵ زیاتر لە (27،754،281) ملیۆن بەرمیل نەوتی كەركوك، كە بە پێی راپۆرتەكە پارەكەی یەكسانە به ‌(3,949,697,777.89) ملیار دۆلار.

6. بە هیچ شێوەیەك باسی داهاتی (غازی سروشتی‌و نەفتاو ئێل پی جی) نەكردووە، كە دەبو لە كاتی خۆیدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بیدایە بە كۆمپانیای (دانە غاز) كە هەتا ئێستا نەیداوە، كۆمپانیای ناوبراویش بەشێكی زۆر هۆكاری سكاڵا‌كەی لە دادگای بەریتانیا بۆ وەرگرتنی ئەو برە پارەیە كە هەتا ئێستا لە حكومەتی هەرێمی وەرنەگرتووە كە زیاتر‌ لە 2 ملیار دۆلار‌ە.

7. هەبوونی جیاوازی زۆر، لەنێوان بڕی كۆی نەوتی بەرهەم هاتوو لەگەڵ كۆی نەوتی هەناردەكراو لە راپۆرتەكەدا، هاوكات رون نەكردنەوەی ئەو بەشەی دیكەی كە هەناردە نەكراوە بەرێگەی بۆری چی لێهاتووە.

8. لە ڕاپۆرتەكەدا زۆر بەكەمی باسی نەوتی كەركوك كراوە،‌ بە هیچ شێوەیەك باسی دەرهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی نەكراوە، كە برێكی یەكجار زۆر نەوت لەو كێڵگانە بەرهەم دێنن.

9. وردبینی نەكردنی ئەم راپۆرتە لەلایەن هیچ دامەزراوەیەكی حكومییەوە.

كەواتە داهاتی نەوت كە لە ساڵی 2015دا فرۆشراوە جگە لە ئەو نەوتەی كە بە تەنكەر هەناردە كراوە لەگەڵ نەوتی رەش كە بەرهەم هێنراوە دەكاتە نزیكەی (3,949,697,777.89)+ پارەی عێراق كەناردوویەتی (1,986,743,567) + (1,154,120,814) + (1,787,029,298) = بە نزیكەی (8,877,591,456) ملیار دۆلار.

بەم جۆرە دەردەكەوێت كە بڕی ئەو داهاتەی دەست حكومەتی هەرێم كەوتووە زۆر زیاترە لەوەی‌ حكومەت موچەی پێنج مانگی فەرمانبەران بخاتە ئەستۆی قەیرانی شەری داعش‌و دابەزینی نرخی نەوتەوە، بە بیانوی نەبونی پارە، چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەو داهاتەی دەستی كەوتووە نەك هەر دەتوانێت موچەی هەر (12) مانگەكەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، بەڵكو دەشێت بەشی خزمەتگوزاریشی لێ بمێنێتەوە.

ئەو پارەو داهاتەی ئێمە حسابمان كردووە لەم راپۆرتەدا، تەنها بریتیە لەو برە داهاتەی كەدیارە ئەوەش جگە لە داهاتی (ناوخۆ، داهاتی نەوتی تەنكەر و نەوتی رەش و داهاتی خاڵە سنوریەكان). 

بەم جۆرە دەردەكەوێت كە خواست و مەیلێك هەیە بۆ درێژكردنەوەی ماوەی قەیرانەكە‌و قورستركردنی باری سەرشانی هاوڵاتیان، ئەگەرنا تەنها داهاتەكانی كە لەسەرەوە خستمانەڕوو دەتوانن لە ئێستادا كێشەی سەرەكی هاوڵاتیان چارەسەر بكات، كەخۆی دەبینێتەوە لە دابینكردنی موچەو قوتی رۆژانە.

ئامادەكردنی:
غالب محمد عەلی؛ سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەو سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلیمانی 

عەلی حەمە صالح؛ جێگری لیژنەی ئابوری و دارایی لە پەرلەمانی كوردستان