یەكێتی لەبەر مەترسی‌ تێكچوونی‌ بارودۆخی‌ ئەمنی لەڕێككەوتن لەگەڵ پارتی‌ پاشگەزدەبێتەوە

کوردستان

15/03/2016‌ 15900 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەبەر مەترسی‌ تێكچوونی‌ بارودۆخی‌ سلێمانی‌‌و دەوروبەری‌، یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌ لەڕێككەوتن لەگەڵ پارتی‌ دیموكراتی كوردستان پاشگەزدەبێتەوە.

بەپێی‌ ئەو زانیارییانەی‌ لەچەند سەرچاوەیەكی‌ بەرپرسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان دەست شارپرێس كەوتوون، لەدوا كۆبوونەوەی‌ نێوان شاندنی هەردوو حیزب‌، نوێنەرانی‌ یەكێتی‌ بەشاندی‌ پارتییان راگەیاندووە، ناتوانن رێككەوتنی‌ هاوبەش ئەنجامبدەن.

هەر بەپێی زانیارییەكان لەكۆبوونەوەی‌ رۆژی‌ شەممەی‌ رابردوو یەكێتی‌ لەڕێی‌ شاندەكەیەوە بەفەرمی پارتی‌ دیموكراتی‌ ‌ لەمەترسییەكانی‌ خۆیان ئاگاداركردووەتەوەو پێیان راگەیاندوون یەكێتی‌ ئەگەر تاك لایەنە رێككەوتن لەگەڵ پارتی‌ بكات، ئەوا ئەگەری‌ هەیە گرژی‌ لەناوچەی‌ "سەوز - نیللی" دروست ببێت، كە مەبەستیان پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و دەوروبەری‌ بووە، ئەو ناوچانەی‌ زۆرترین جەماوەری‌ یەكێتی‌‌و بزووتنەوەی گۆڕانی‌ تێدایە.

هەروەها شاندەكەی‌ یەكێتی‌ ئەوەشیان بەپارتی‌ راگەیاندووە رێكەوتنی‌ دوو لایەنە جۆرێكە لە"سەركێشی‌"، چونكە هەر هەڵبژاردنێك بكرێت یەكێتی‌ تێیدا زەرەرمەند دەبێت.

یەكێك لەسەرچاوەكان، كە لەنزیكەوە ئاگاداری‌ كۆبوونەوەكەیەو خۆی‌ داوایكرد ناوەكەی‌ بڵاونەكرێتەوە بەشارپرێسی‌ وت: شاندەكەی یەكێتی‌ بەپارتییان راگەیاندووە ئەگەر ئێستا بەتەنیا رێككەوتن لەگەڵ ئێوە بكەین ئەوا رەنگە بەزیانی‌ سەنگەرەكانی‌ پێشمەرگە بكەوێتەوە، چونكە لایەنگری‌ گۆڕان لەنێو پێشمەرگەدا هەن، هەروەها لەنێو هێزەكانی‌ ناوخۆو فەرمانبەرانیشدا هەمووی‌ بەقسەی‌ یەكێتی‌ ناكەن، چونكە بەشێكیان لەگەڵ گۆڕاندان، بەتایبەتیش لەئێستادا ناڕەزایی‌ خەڵك لەبەرژەوەندی‌ ئەم رێكەوتنەدا نییە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی‌ بەوەشكرد، كە ئەم هەڵوێستەی‌ یەكێتی‌، نیگەرانی‌ پارتی‌‌و خۆشحاڵی‌ گۆڕانی‌ لێكەوتووەتەوە، پارتی‌ لەڕێی‌ كەناڵە جیاوازەكانییەوە بەیەكێتی‌ راگەیاندووە، ئەوان چاوەڕێی‌ هەڵوێستێكی‌ تر بوون لەیەكێتی، كە تەنانەت لەكۆبوونەوەكەدا وادەی كۆبوونەوەی داهاتوویان دیارینەكردووە، لەكاتێكدا كۆبوونەوەكانیان بەكراوەیی ماوەتەوە‌.

لەبەرانبەریشدا بزوتنەوەی‌ گۆڕان بەشێوەیەكی‌ نافەرمی‌ خۆشحاڵی‌ خۆی‌ بۆ ئەم هەڵوێستەی‌ یەكێتی‌ دەربڕیوەو تەنانەت لەسەر ئاستی‌ باڵای‌ بزووتنەوەكەش گفتوگۆی‌ ئەوە كراوە، كە لەجاران زیاتر لەیەكێتی‌ نزیكببنەوە بەتایبەتی،‌ كە ئەوان بەرژەوەندی‌ هاوبەشیان هەیە لەناوچەی‌ فەرمانڕەوایی‌ خۆیاندا.

شارپرێس ئەوەشی‌ زانیوە، گفتوگۆ لەنێوان چەند بەرپرسێكی‌ یەكێتی‌‌و گۆڕاندا روویداوەو بەرپرسانی‌ یەكێتی‌ پێشنیاری‌ ئەوەیان بۆ گۆڕان كردووە، كە ئەوانیش بچنە ناو رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی‌، بەڵام بەرپرسانی‌ گۆڕان رایانگەیاندووە دەكرێت لێك تێگەیشتنی‌ هاوبەش هەبێت، بەڵام ئامادەنین بەمەرجی‌ پارتی‌ بچنە ناو هیچ رێككەوتنێكەوە.

هاوكات سەرچاوەیەكی‌ بەرپرس لەناو بزووتنەوەی‌ گۆڕانەوە زانیارییەكانی‌ بۆ شارپرێس پشتراستكردەوە، بەڵام ئەوەشی‌ نەشاردەوە لەناو گۆڕاندا لێكدانەوەی‌ جیاواز بۆ هەڵوێستەكەی‌ یەكێتی‌ هەیە، بەشێكیان پێیانوایە یەكێتی‌ لەم هەڵوێستەیدا جدییە، بەشێكی‌ تریشیان وا لێكی‌ دەدەنەوە، كە تاكتیك‌و دابەشكردنی‌ رۆڵە لەنێو ئاستە جیاوازەكانی‌ یەكێتیدا.

هــ . ح