كۆسرەت رەسوڵ پارتی نیگەران دەكات
پارتی بەفەرمی داوای روونكردنەوەی لەچەند مەكتەب سیاسییەكی یەكێتی كردووە

کوردستان

26/03/2016‌ 7406 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستانی نیگەران كردووەو بەرپرسانی ئەو حیزبەش داوای روونكردنەوە دەكەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەو قسانەی كۆسرەت رەسوڵ نیگەران بووە، كە لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی شەرقلئەسەت كردوویەتی لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان.

هەر بەپێی زانیارییەكان، نیگەرانییەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتووەتە ئاستێك داوای روونكردنەوەی لەچەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە لەسەر قسەكانی كۆسرەت رەسوڵ.

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی كۆسرەت رەسوڵ بڵاوكرایەوە، كە تێدا باسی دۆخی هەرێمی كوردستانی كردو رایگەیاند، ئەوان وەك یەكێتی بەشدارنین لەو بڕیارەی پارتی چەند مانگێكە بۆ پەكخستنی پەرلەمان دەریكردووەو هیچ پرسێكیشیان پێنەكراوە، هەروەها راشیگەیاندبوو ئەوان قبووڵی ناكەن رێگە لەپەرلەمانتارەكانیان بگیرێت بگەڕێنەوە هەولێر.

جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی هەو لەو چاوپێكەوتنەدا باسی لەكێشە ناوخۆییەكانی حیزبەكەی كردبوو، كە راشیگەیاندبوو "ئەوان رێگە نادەن یەكێتی ببێتە حیزبێكی بنەماڵەیی"، هەروەها رەخنەیەكی زۆریشی لەهێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەری جەلال تاڵەبانی گرتبوو، بەوەی دەیەوێت "دەسەڵاتی دارایی‌و ئیداری یەكێتی بۆ خۆی قۆرغبكات".

هــ . ح