یەكێتی وەڵامی پرۆژەكەی گۆڕانی نەداوەتەوە
تاوتوێی پرۆژەكەیان كردووەو بەشێكی پرۆژەكەیان پێباشە

کوردستان

02/04/2016‌ 2621 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بزووتنەوەی گۆڕان پرۆژەیەكی نوێی خستووەتە بەردەم یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە تائێستا ئەوەی دووەمیان هیچ وەڵامێكی ئەوەی یەكەمیانی نەداوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی ناو گۆڕان‌و یەكێتی دراوە بەشارپرێس، لەچەند رۆژی رابردوو گوڕان پرۆژەیەكی گەڵاڵەكراوی ناردووە بۆ یەكێتی‌و داوایكردووە رای خۆیان لەسەر پرۆژەكە بخەنەڕوو.

هەر بەپێی زانیارییەكان، تائێستا بەرپرسانی یەكێتی كۆبوونەوەیان لەسەر پرۆژەكەی گۆڕان ئەنجامنەداوە، بەڵام بەشێكی بەرچاو لەپرۆژەكەی گوڕانیان بەگونجاو زانیوە بۆ رێكخستنی بەیوەندییەكان‌و هەماهەنگی نێوانیان، وەك ئەوەی لەپرۆژەكەدا هاتووە.

بڕیاریشە لەماوەی داهاتوو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر پرۆژەكەی بزووتنەوەی گۆڕان گفتوگۆ بكەن‌و بەفەرمی وڵامی ئەو بزووتنەوەیە بدەنەوە، بەڵام تائێستا وادەكەی دیارینەكراوە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە گۆڕان لەپرۆژەكەدا جگە لەباسكردنی پەیوەندی نێوان خۆیان‌و یەكێتی باس لەچاككردنی بەیوەندییەكانی لایەنەكانی تریش كراوە.

پرۆژەكە بۆ قۆناغی ئێستای هەرێمی كوردستانەو بەپێی پرۆژەكەش ئەگەر رێككەتن لەبارەی كرا، هەردوو حیزب دەتوانن لەداهاتوو لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی گفتوگۆ بكەن بۆ رێككەوتن.

ئەم هەنگاوە لەكاتێكدایە، پێشتر شارپرێس بڵاویكردەوە، لەدوای پەیامەكەی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ سەركردەكانی یەكێتی، ئەو بزووتنەوەیە هەنگاوی زیاتر دەنێت بۆ نزیكبوونەوە لەیەكێتی.

هــ . ح