بەكۆبوونەوەی "پینەوپەڕۆ" ناودەبرێت
بۆچوونی جیاوازی بەرپرسانی یەكێتی لەسەر كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی

کوردستان

16/10/2016‌ 2018 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەبێ ئامادەبوونی باڵی "ناوەندی بڕیار"ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەو حیزبە كۆبوونەوەو لەسەر كۆبوونەوەكەش بۆچوونی جیاواز دروستبووە.

بێگەرد تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، كە لەپشكی باڵی "دەسترۆیشتووی یەكێتی بەشداری كۆبوونەوەكە ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كردووە بۆ دەنگی ئەمریكا، "كۆبوونەوەكەی بەكۆبونەوەی ئاسایی حیزب باس كرد".

بێگەرد تاڵەبانی رەتیكردەوە، كۆبوونەوەكە بۆ ئەوە بووبێت، یەكێتی بەرەو لێكترازان‌و دووكەرتبوون ببرێت‌و راشیگەیاند "بەشێكی كۆبوونەوەكە بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بووە".

باڵی "ناوەندی بڕیار"، كە كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵحی جێگرانی سكرتێری گشتی سەرۆكایەتی دەكەن، بەهۆی ناڕەزاییەكانیان لەبەرانبەر دەسەڵاتەكانی باڵی "دەسترۆیشتوو" بەشداری كۆبوونەوەكەیان نەكرد، كە باڵەكەی دووەم هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی سەرۆكایەتی دەكات.

لەو بارەوە مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، كە لەباڵی "ناوەندی بڕیار"ە، بۆ دەنگی ئەمریكا وتی: "كۆبوونەوەیەكی ناشەرعی بوو، كۆبوونەوەی پینەو پەڕۆبوو، بەداخەوە نەدەبوو مەلا بەختیار ڕێگەی بەخۆی بدایە سەرپەرشتی كۆبوونەوەكەی بكردایە."

مەحمود سەنگاوی وتیشی: "ئێمە لەناوەندی بڕیار نەوشیروان مستەفا نین بەئاسانی یەكێتی بەجێبهێڵین هەرواو خۆمان بەخاوەنی یەكێتی دەزانین".

لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی لەساڵی 2012وە رۆژ بەرۆژ كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی لەسەر بەرێوەبەردی حیزبەكە قووڵدەبێتەوەو ئێستاش قووڵبوونەوەكە گەیشتووەتە رادەیەك، كە حیزبەكە بەتەواوی دابەشی دوو باڵ بووە.

هــ ـ ح