هەوڵەكان بەئاڕاستەی چارەسەری كێشەكانن
شارپرێس ناوەڕۆكی چەند پێشنیازێكی ئێران بۆ چارەسەری كێشەكانی یەكێتی ئاشكرادەكات

کوردستان

28/10/2016‌ 4364 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەوڵە نێوەنگیرییەكان بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتمانی لەنێوان هەردوو باڵی "دەسترۆیشتوو، ناوەندی بڕیار"ی حیزبەكە دەستیپێكردووەتەوەو لەلایەن شاندێكی ئێرانیش چەند پێشنیازێك بۆ چارەسەری كێشەكان خراوەتەڕوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ناو یەكێتی دراوە بەشارپرێس، چەند رۆژێكە هەوڵە نێوەنگیرییەكان بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتمانی لەنێوان هەردوو باڵی "دەسترۆیشتوو، ناوەندی بڕیار"ی حیزبەكە دەستیپێكردووەتەوە، كە ماوەیەكە رووی لەقووڵبوونەوە كردووەو هەوڵە نێوەنگیرییەكانیش لەلایەن شاندێكی باڵای ئێرانی دەستپێكراوەتەوە، كە چەند رۆژێكە شاندەكە لەشاری سلێمانین‌و تائێستا چەند جارێك كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسی باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی كۆبوونەتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان شاندە ئێرانییەكە لەمیانی كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ سەركردەی باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی چەند پێشنیازێكیان خستووەتەڕوو، ئەوەش بۆ چارەسەری كێشەكان، كە هەوڵەكانیش بەئاڕاستەی چارەسەری كێشەكان دەچن.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، لایەنی ئێرانی بەبەرپرسەكانی هەردوولا "باڵی ناوەندی بڕیارو باڵی دەسترۆیشتوو"یان وتووە، كە ئەوان بەلایانەوە گرنگە یەكێتی تووشی دابەشبوون نەبێت، تەنانەت هۆشداریشیانداوە بەوەی نایانەوێت یەكێتی بەهیچ شێوەیەك دابەشبێت.

لەبارەی ناوەڕۆكی پێشنیازەكان شارپرێس ئەوەی زانیوە، كە لایەنی ئێرانی پێشنیازی ئەوەی كردووە، لەم كاتەدا هیچ هەوڵێك نەدرێت بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە، چونكە كۆنگرە هۆكارێكی سەرەكی دەبێت بۆ دابەشبوونی یەكێتی بەم كێشانەی ئێستایەوە.

هەروەها شاندەكە پێشنیازی ئەوەشیان كردووە، كە لەجیاتی ئەنجامدانی كۆنگرە، هەردوو باڵە ناكۆكەكە لەسەر پێكهێنانی سەركردایەتییەكی هاوبەش رێكبكەون، ئەوەش بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی لەم كاتەدا لەلایەن ئەو سەركردایەتییە هاوبەشە.

ماوەیەكە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەهۆی ناكۆكی دوو باڵەكەی حیزبەكە قووڵبووەتەوە، كە تائێستاش چەند هەوڵێك دراوە بۆ چارەسەری كێشەكان، بەڵام هەوڵەكان بێئەنجامبوون، ئەوەش بەهۆی رێككنەكەوتنی ئەو باڵانە لەسەر كۆتایی هێنان بەناكۆكییەكانیان.

جگە لەشاندەكەی ئێران، سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەستی بەهەوڵێكی نێوەنگیری لەنێوان باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی كردووەو لەهەوڵەكانیشی بەردەوامە.

سەڵاحەدین بەهادین بەمەبەستی هەوڵە نێوەنگیرییەكەی لەم هەفتەیە لەگەڵ شاندێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، كە سەرۆكایەتی باڵی "دەسترۆیشتوو" دەكات كۆبووەوە، هەروەها لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی، كە سەرۆكایەتی "باڵی ناوەندی بڕیار" دەكەن كۆبووەوە.

كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی لەسەر چۆنییەتی ئیدارەكردن‌و دارایی حیزبەكەیە، كە ماوەیەك كێشەكان ئەوەنە قووڵبووبووەوە، ئەگەری دابەشبوونی حیزبەكەی لێدەكرا، بەڵام زانیارییەكان باس لەوە دەكەن هەوڵەكانی ئەمجارە بەئاڕاستەی چارەسەری كێشەكانن.

هــ ـ ح