پەرلەمانتارێكی پارتی: گۆڕان دەیەوێت سلێمانی بخاتە سەر بەغدا

کوردستان

12/11/2016‌ 1337 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانتارێكی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت، گۆڕان و خەڵكێكی دیكەی هاوسۆزیان ، بە ئاشكرا دەیانەوێ سلێمانی لە هەرێمی كوردستان جیا بكەنەوە و بیگەڕێنەوە سەر بەغدا ، بەڵام هەرگیز ئەو پیلانەیان سەرناگرێت.

نازم كەبیر جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لەپەرلەمانی كوردستان ئەمرۆ شەممە 12/11/2016 بەپێگەی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ''هوتافەكانی ئەمڕۆی بەشێك لە خۆپیشاندەرانی سلێمانی بە فیتی بزووتنەوەی گۆڕان بووە و دوافیشەكی گۆڕانە بە سینگی هەرێمی كوردستانەوە دەنرێ.

رونیشیكردۆتەوە، ئەوان لەگەڵ داواو مافی رەوای گشت فەرمانبەران و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندان، بەڵام ئەوانەی دروشمی 'عەبادی عەبادیان' دەگوتەوە، دەبا ئەوەشیان وتبا كێ مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستانی لە بەغدا بڕی، ئەی بۆچی خۆپیشاندەران باسی ئەو كەس و لایەنەیان نەكرد كە دەستیان لەگەڵ مالیكی تێكەڵ كردبوو تا مووچەی خەڵكی كوردستان ببڕێت، هەڵبەت ئەوەی ئەمڕۆ روویدا بە پیلانی گۆڕانی دەزانین و، ئەجێندایەكی سیاسی دەرەكییە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت''

جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشكرد، لە قسەكانی ئارامی شێخ محەمەد،دیار بوو گۆڕان و خەڵكێكی دیكەی هاوسۆزیان لە هەرێمی كوردستاندا، بە ئاشكرا دەیانەوێ سلێمانی لە هەرێمی كوردستان جیا بكەنەوە و بیگەڕێنەوە سەر بەغدای مووچەبڕ، بەڵام هەرگیز ئەو پیلانەیان سەرناگرێت، چونكە ئێستا نییە هەندێ خەڵك و هێزی سیاسیی كوردستان پیلانی جێبەجێكردنی سەربەخۆییی پارێزگاكان و گرێدانی بە ناوەندەوە دەكێشن، ئەوەش بۆ ئەوەیە بەغدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ سلێمانیدا بكات و هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی نەبێت بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا، گۆڕان مامۆستایانی سڤیل وەك قەڵغان بەكار دێنێ بۆ ئەوەی مەرامەكانیان لەو رێگەوە جێبەجێ بكرێن.''

نازم كەبیر وتوشیەتی، گۆڕان و  هاوسۆزەكانیان ناتوانن جارێكی دیكە بیانگەڕێنەوە سەر بەغدا، چونكە هەر بەغدا ئاشكرای كردووە پێشنیازی گۆڕان و باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتیی هاوپەیمانی بووە سلێمانی جیا بكرێـتەوە و بەغدا راستەوخۆ مووچەیان بۆ بنێرێت.

پێشتریش فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا دژایەتی خۆی بۆ مامەڵەكردنی بەغداد لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم راگەیاندو بە خیانەت لە سەربەخۆی كوردستان ناوی برد.
ر ـــ ح